لە هەمان کات و شوێنی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بانگی ئازادیی درا

لە کۆتا چالاکی بۆ پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، چین و توێژە جیاوازەکان لە هەمان کات و ئەو جێگەیەی کاوەی تێدا تیرۆرکرا گردبوونەوە و بانگی ئازادییان دا.


لە دوایین چالاکی بۆ پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، ئەمشەو لەو خانوەی کە کاوە گەرمیانی تێدا شەهید کرا، لە گەڕەکی سەرکەوتن لە شارۆچکەی کەلار-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کاتژمێرێک پێش کاتی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی تا کاتی تیرۆرکردنەکەی گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لە گردبوونەوەکەدا، چەندین وتار و پەیام و پارچە شیعر و پەخشان، بۆ ئازادیی و نیشتیمان و کاوە گەرمیانی پێشکەشکران، دواتر لە ساتەوەختی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانیدا، هەموو ئامادەبوان ساتێک بە بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆحی کاوە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی وەستان، دواتر بە یەک دەنگی بانگی ئازادیی درا.

دواتر هەر لەو خانوەدا کە کاوەی تێدا تیرۆرکرا، دەرگا لەسەر ژوورەکەی کاوە گەرمیانی بۆ ئامادەبووان کرایەوە، کە سەرجەم کەرەستە ڕۆژنامەوانی و پێداویستیی و جلوبەرگەکانی تێدا خرابوونەڕوو.

کاوە گەرمیانی، سەرنوسەر و خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری ڕایەڵ لە گەرمیان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و بەدواداچوون لەسەر گەندەڵیی بەرپرسان، واتا بەهۆی کارە ڕۆژنامەوانییەکانییەوە، شەوی ٥ی ١٢ی ٢٠١٣ لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەلار تیرۆرکرا، تا ئێستاش دەستی پشت تیرۆرکردنەکە ئاشکرا نەکراوە.


 

 

 

ک.ک