لە هەولێر گەنجێک دوو چه‌قۆ و دوو قه‌ڵه‌می خوارد

له‌ ڕووداوێکی ده‌گمەندا لە هەولێر  گەنجێک دوو چه‌قۆ و دوو قه‌ڵه‌می خوارد، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر بە نەشتەگەریی له‌ ناوسکی ده‌رهێنرا.


ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵات لە هەولێر، نەشتەرگەریی بۆ هاوڵاتییەك كراوە كە دوو چەقۆ و دوو قەڵەم لە گەدەیدا بووە.

فاخیر كرمانجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر بە ڕۆژنیوز-ی وت: دوو ڕۆژ لەمەوبەر گەنجێک بە ناوی (د) كە تەمەنی (30) ساڵ بووە بەهۆی ئازاری ناوسكەوە سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێری كردووە و دوای ئەنجامدانی پشكنینەكان دەركەوتووە دوو قەڵەم و دوو چەقۆ لە ناو گەدەیدا بووە.

وتیشی: گەنجەکە باری دەروونی تەواونییە و ڕۆژی 19ی ئەم مانگە ئەو چەقۆ و قەڵەمانەی خواردووە، ڕوونیشیکردەوە کە "بەهۆی هەستیاربوونی شوێنی قەڵەم و چەقۆكانەوە كە لە گەدە و سورێنچکی نەخۆشەكەدا بووە، لەلایەن تیمێكی پزیشكی پسپۆڕەوە نەشتەرگەریی بۆ كراوە و توانراوە قەڵەم و چەقۆكان لە گەدە و سورێنچكی نەخۆشەكەدا دەربهێنرێت".

لەبارەی دۆخی ئێستای تەندروستییەوە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر، ئاماژەی بەوە كرد لە ئێستادا دۆخی تەندروستی جێگیرە و لە ژێر كۆنترۆڵدایە و هیچ مەترسیەك لەسەر ژیانی نەماوە  و پزیشكەكان بەردەوام چاودێری دەكەن، وتیشی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نەخۆشەکە ڕەوانەی ماڵەوە دەكرێتەوە.

ک.س