سێشەممە, 26 يون 2018 – 12:21 ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆی بەشێك لە دوكاندارەكانی بازاڕی ئاڵتون لەبەردەم بازاڕەكە گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیشدا داواكارییەكانیان خستەڕوو.
عەبدولڕەحمان محەمەد، نوێنەری دووكاندارە ناڕازییەكان بەیاننامەیەكی خوێندەوە، كە تێیدا هاتبوو: بازاڕی ئاڵتون كە یەكێكە لە بازاڕە سەرەكییەكانی شاری هەڵەبجە و نزیكەی ٥٠ دوكانی تێدایە و تایبەتە بە پێداویستی ژنان و منداڵان، بەڵام بەهۆی كۆبونەوەی هاوڵاتیان بە مەبەستی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ئاژەڵ، هەروەها دانانی عارەبانە و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەبەردەم بازاڕەكە، وایكردوە كە ژنان زۆر بە كەمیی ڕوو لەم بازاڕە بكەن بۆ كڕینی پێداویستییەكانیان.
ئەوەش هاتبوو: وەك كاسبكارانی بازاڕی ئاڵتون داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین چارەسەری كێشەكانمان بكەن.
ئاواز سەعید، دووكاندارێكی بازاڕەكە بە ڕۆژنیوزی وت: بەداخەوە بەهۆی ئەو كۆمەڵە گرفتەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ كڕیارانی ژن بەدەگمەن سەردانمان دەكەن و وای كردوە بە تەواوەتی بازاڕەكەمان داخراو بێت بە ڕووی كڕیاراندا.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ناچارین بیر لە داخستنی دوكانەكانمان بكەینەوە و كەلوپەلی ناو دوكانەكانیشمان هەرزان فرۆش بكەین و واز لەم پیشەیە بهێنین.
ك.ك