پێنجشەممە, 26 يول 2018 – 10:53 ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد.. وێنە؛ئەرشیڤ
لە دوای ئەوەوەی ڕیفراندۆم کرایە ڕۆژەڤی میدیاکان، کۆچکردن بەرەوە ئەوروپا بەڕێژەیەکی زیاتر لەجاران دەستیپێکردەوە، بە جۆرێک لە مانگی ٨ی ساڵی ڕابردووەوە تا مانگی شەشی ئەمساڵ، ٧٣هەزار و ٦٠٩ هاوڵاتی هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە.
لە سەروبەندی ڕیفراندۆم و دواتریشدا، هاوڵاتیان چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا تاوەکو ژیانیان باشتر بێت، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ گۆڕانکارییەکی لە ژیانی خەڵکدا نەکرد و هاوڵاتیانیش بەهۆی ئەو کێشانەوە ڕێگەی تورکیا و ئەوروپا-یان بە قاچاغ گرتووەتەبەر.
دوای ڕیفراندۆم کۆچی هاوڵاتیان زیاتر بوو
بە پێی ئەو ئامار و زانیاریانەی کە لەلایەن ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەرانی سەراسەری عێراقی هەرێمی کوردستان دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، لە مانگی ٨ هەتاوەکو ١٢ی ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلول(ئەنجامدانی ڕیفراندۆم) وە ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر(هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی بۆ سەر شاری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان) ڕێژەی کۆچی هاوڵاتیان ٤٩ هەزار و ٩٧٩ هاوڵاتی بووە.
کۆچکردن بەردەوامیی هەیە
لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵیشدا ٢٣ هەزار و ٧١٠ کەس بەرەو وڵاتانی دەرەوە بە ڕێگەی قاچاغ کۆچیان کردووە.
کۆچکردن بە ڕێگەی قاچاغ، مردن و دەستگیرکردنتی تیایە
لە ئەسینا و ساڵۆنیک-ی یۆنان، لە کەمپەکاندا زیاتر لە ١٠ هەزار عێراقی هەیە، وە لە گرتووخانەکانی تورکیا و سوریا لە ئەدلیب و غازی عەنتاب و ئەزمیر و چەنەکەلە و بۆدروم، چەندین گیراو هەیە کە ڕێژەکانیان دیاریکراو نییە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
تا ئێستا هیچ ئامارێکی ورد لەسەر ڕێژەی مردن و بێسەروشوێن بوونی کۆچکردووان لە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارەکان، لەسەرەتای هاتنی چەتەکانی داعشەوە ٥٥٠ هەزار کەس بەشێوەی فەرمی داوانامەی مافی پەنابەرێتیان پێشکەشی وڵاتانی ئەوروپا کردووە.
هەروەها کۆی گشتی ئەو پەنابەرانی کە لە حەوت ساڵی ڕابردوو بە هۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لەدەستداوە، ٢٧٨ کەس بوون، کە ١٤٥ کەسیان تەرمیان دیاربووە و تەرمەکانیان گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، ١٣٣ کەسیشیان چارەنووسیان نادیارە و تەرمەکانیان دیار نییە و بەردەوام بە دوایاندا دەگەڕێن.
س.ح