لە ٢ ڕووداوی جیاوازدا ٢ کەس گیانیان لەدەستدا

لە دوو ڕووداوی هاتووچۆی جیاوازدا لە سنووری هەولێر و دهۆک، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ لەسەر شەقامی سەرەکیی نێوان هەردوو شارەدێی ئەتروش و قەسرۆک لە سنوری پارێزگای دهۆک، بارهەڵگرێک لە جۆری ترێلە تانکەر ئسکانیا وەرگەڕا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.

ئێوارەی ئەمڕۆش لەسە ڕێگای سه‌ره‌كی هه‌ولێر- خه‌بات، كه ‌ئێستا له‌ژێر نۆژه‌نكردنه‌وه‌دایه،‌ بارهه‌ڵگرێك به‌هۆی هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی هه‌ڵه‌وه‌ چووه‌ سه‌ر ڕێگای ئۆتۆمبێلێكی كیای تایبه‌ت كه ‌به‌ره‌و خه‌بات ده‌چوو، ‌له‌ ئه‌نجامدا پێكدادان دروست بوو، بەو ھۆیەوە شوفێری كیایه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستداو سێ كه‌سی دیكەش برینداربوون.

فازڵ حاجی، وتەبێژی ھاتووچۆی ھەولێر چۆنیەتی ڕووداوەکەی بۆ ڕۆژنیوز ڕوونکردەوە و وتی: له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاری ڕووداوه‌كه‌، ده‌ركه‌وت بارهه‌ڵگره‌كه‌ له‌گه‌ڵ سێ  بارهه‌ڵگری دیكە به‌یه‌كه‌وه‌ لەڕێگادا بوون و جۆرێك له‌ پێشبڕکێ له‌نێوانیاندا دروستبووە، بۆیه‌ یه‌كێکیان، كه‌ دواكه‌وتبوو هه‌وڵی دابوو له ‌ئۆتۆمبێله‌كانی دیكە له‌ بارهه‌ڵگره‌كان تێپه‌ڕێت به‌بێ ره‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی كه ‌ڕێگاكه‌ كراوه‌ به یەكساید، به‌هۆی نۆژه‌نكردنه‌وەوە،‌ ئه‌مه‌ش وایكردبوو ڕێگا دابخات له‌سه‌ر كیا‌كه‌ كه‌ به‌ره‌و خه‌بات ده‌چوو، ‌له‌ ئه‌نجامدا ڕووداوەکە دروستبوو.

جێگای ئاماژەیە هەر ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، ئۆتۆمبیلێکی جۆری مینی پاس لە منداڵێکی تەمەن یەك ساڵ و نیوی دا لە بەردەرگای ماڵی خۆیاندا لە سەر شەقامەکە، بەو هۆیەوە منداڵەکە  گیانی لەدەستدا.

بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی ئەمساڵەوە تا ٣٠ی ئەیلول، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ٣٢٨ ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە و لە ئەنجامدا ٦٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار ٨٤٤ کەسیش برینداربوون.

 

ش.ف