لە پێکهێنانی حکومەتدا بەرژەوەندی خەڵک پشکی بەرنەکەوتووە

لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ و مامەڵە لەسەر هەموو پۆستەکان کراوە، تەنانەت پۆستی بەڕێوبەرە گشتییەکانیش دابەشکراوە، چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە ئەوەی پشکی بەر نەکەوتووە و گفتوگۆی لەسەر نەکراوە بەرژەوەندی خەڵکە.


ماوەی ١٩٩ ڕۆژە، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا نەتواندراوە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان براوەی دووەمی هەڵبژاردنە، بزوتنەوەی گۆڕان براوەی سێیەمی هەڵبژاردنە.

هەتا ئێستا لەنێوان سێ براوەی یەکەمی هەڵبژاردندا دەیان دانووستان و گفتوگۆ ئەنجامدراوە، زۆرینەی پۆستەکانیان دابەشکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، وەزارەتی شارەوانییەكان، وەزارەتی كارەبا، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن-ی بۆخۆی داناوە.

بەپێی ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ یەکێتیدا، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ڕۆشنبیریی، وەزارەتی كشتوكاڵ، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری بەغدا، جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بریکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆی بەرکەوتووە.

هەرچەند یەکێتی لەسەر ئەم پۆستانە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتبوو، بەڵام پەشیمان بوویەوە و لە ئێستادا داوای جێگری سەرۆکی هەرێم دەکات، یاخود زیادکردنی یاریدەدەرێک بۆ سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە.

بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی، پۆستەکانی جێگری سەرۆكی هەرێم، وەزارەتی بازرگانی‌ و پیشەسازی، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی،    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری چاكسازی بەرکەوتووە.

پۆستی جیگریی سەرۆکی هەرێم بووەتە هۆی دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان-دا، پارتی لەسەر داخوازی یەکێتی دەیەوێت یاریدەدەرێک بۆ سەرۆکی هەرێم دابنێت بۆ کاروباری پێشمەرگەو بیداتە یەکێتی، بەڵام گۆران ئەوەی قبوڵ نییە، دەڵێت ئەگەر ئەو پۆستە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم زیاد بکرێت، ئەوا پۆستەکەی ئەوان بەهای نامێنێت، بۆیە لە بری ئەوە داوای وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.

لە ئێستادا قۆناغەکانی پیکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە ململانێ و مامەڵەیەکی چڕ لەسەر پۆستەکان تێدەپەڕێت، کەمال ڕەوف، چاودێری سیاسی پێی وایە ئەوەی کە گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە و هیچ گرنگی پێنەدراوە و پشکی بەر نەکەوتووە بەرژەوەندییەکانی خەڵکە.

هەروەها کەمال ڕەوف، پێی وایە بێجگە لە مامەڵەی پۆست لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان-دا ناکۆکیی ناوخۆی حزبەکان بۆ خۆشیان هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتە، بۆ ئەوەش نمونەی ناکۆکی نێوان بنەماڵەی بارزانی دەهێنێتەوە، کە خۆی لە ناکۆکی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا دەبینێتەوە، دەڵێت، کە پارتی هەموو ئەو کەسانەی لە شاندی دانووستنکار دوورخستووەتەوە کە نزیکبوون لە نێچیرڤان بارزانیەوە.

کەمال ڕەوف، باس لە فشارەکانی دەوڵەتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان دەکات لەسەر پارتەکانی هەرێم و دەڵێت: دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و دەوڵەتە سونەکانی ناوچەکە دەستێوەردان دەکەن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا و دەیانەوێت هێزێکی فشاریان لەناو حکومەتی هەرێمدا هەبێت، بەڵام پێی وایە ئەمە هۆکارێکی لاوازی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتە، هۆکارە سەرەکییەکە ناکۆکی ناوخۆی حزبەکانە.

هەرچەند لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە سەرەتای دانووستانوکانی پێکهێنانی حکومەت، هەموو حزبەکان جەختیان لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و بەرژەوەندی خەڵک دەکردەوە، بەڵام لە ئێستادا شەڕی پشک و پۆست هێندە چڕبووەتەوە کە نە لەکۆبوونەوەکان و نە لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسی و لێدوانەکانیاندا باسی بەرژەوەندی هاوڵاتیان ناکەن.

د.ع