هەینی, 6 يول 2018 – 08:53 ڕۆژنیوز ـ ڕانیە
شەوی ڕابردوو لە باخی هاوڵاتییەك لە گوندی قەرەن ئاغا سەربە شارەدێی چوارقوڕنە لە سنوری شارۆچكەی ڕانیە ئاگر كەوتەوە و دەنگی تەقینەوە بیسترا.
ئیسماعیل عەبدوڵا، وتەبێژی پۆلیسی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بە ڕۆژنیوز ی وت: لەناو باخەكەدا كە سوتاوە خانویەك هەیە لەناو خانوەكەدا چەكێكی زۆری تێدا بووە، لە جۆری هاوان و ئاربیجی.
وتیشی: لیژنەیەكمان لەسەر ڕووداوەكە پێكهێناوە و لێكۆڵینەوە دەكەین و بزانین هۆكار چی بوە ئەو چەكە چییە لەناو خانووی ئەو هاوڵاتیەدا.
باسی لەوەش كرد: خاوەنی خانووەكە دەستگیركراوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوو ژمارەیەك كۆگای چەك و تەقەمەنی لە سنوری دهۆك و هەولێر و سلێمانی سوتان و تەقینەوە، ئەوەش گومانی لای هاوڵاتیان دروست كردوە، كە بە پیلانێك ئەو كۆگایانە دەسوترێنرێن.
بەپێی بەواداچوونێكی ڕۆژنیوزیش لە ماوەی ساڵێكدا شەش كۆگای چەك و تەقەمەنی لە هەرێمی كوردستان تەقیونەتەوە و سوتاون.
ك.ك/ت