لە ڕانیە سیمینارێک لە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا كە ژنان ڕۆڵی كارا و كاریگەریان تێیدا هەبوو لەگەڵ داگیرکردنی عەفرین، بەڕێوەچوو.
کاتژمێر ۳ ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، سیمینارێک لە ژێر دروشمی “داگیرکاریی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیای فاشیست شەرمەزار دەکەین، دژی داگیرکەری تێدەکۆشین” بۆ پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوور بەڕێوە چوو.
ئەمرۆ كە ۱٦هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆنگرەی ستارە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا، لە هەمان کاتدا نزیک دەبینەوە لە ساڵوەگەڕی داگیرکردنی عەفرین و بەو هۆیەشەوە، لیمان شوێش نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، ئامادەی سمینارەکە بوو.

لیمان شوێش وتەیەكی پێشكەش كرد و سەرەتا وتی: دەوڵەتانی داگیرکەر بە تایبەتی تورکیا لە نزیکبوونەوەی ساڵیادی کۆماری کوردستان و دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێرشی كردە سەر عەفرین.
لیمان، باسی لە شۆڕش و بەرخۆدانی ژنان کرد و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، بە پێشەنگایەتی و بەرخۆدانی ژنان، گەیشتوەتە قۆناغی ئەمڕۆ کە لە هەموو جیهان بە شۆڕشی ژنانی دەناسرێت و کۆنگرەی ستار یەکێک بوە لە بەرەوپێشچوونی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا.
لیمان، لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: بەشێکی زۆری دەستکەوتەكانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە پێشەنگایەتی ژنان هاتۆتە ئاراوە لە بەرخۆدان دژی داگیرکاری و جەنگی دژی داعش كە ئەوەیش لە سایەی فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ هاتۆتە ئاراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە هەر شاندێک لە وڵاتانی دەرەوە سەردانی ڕۆژئاوا دەکەن، سەرسام دەبن بە سیستەم و بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە پێکەوەژیانی گەلانە.
لیمان لە کۆتایی قسەکانیدا، ئاماژەی بە بەشێک لە هێزە کوردییەکان کرد کە ڕاستەوخۆ سەر بە تورکیان و فەرمانی ئەوان جێبەجێ دەکەن، ئەم هێزانە جگە لە جێبەجێکردنی ئەجێندای داگیرکەران، هیچی دیکەیان لە دەست نایەت و ئامانجیانە نمونە جوانەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بشێوێنن کە ئەمەش مایەی قبووڵكردن نییە لەلایەن هاوڵاتییانی باکووری سوریاوە.
ئـ ت