لە ڕانیە یادی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی کرایەوە

لە شارۆچکەی ڕانیە یادی پێنجەمین ساڵەی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی کرایەوە و ئاماژە بەوە کرا، جگه‌ له‌وه‌ى تا ئێستا تاوانبارانى پشتى ڕووداوه‌که‌ ده‌ستگیرنه‌کراون، هاوکات ده‌بینین مه‌وداکانى ئازادیى و دیموکراسى ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ به‌رته‌سک ده‌کرێته‌وه.


ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر ۳ لە باخی گشتی شارۆچکەی ڕانیە، بەشێک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی سنوری ئیدارەی ڕاپەرین گردبوونەوەیەکیان بۆ یادی پینجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی ئەنجامدا.

سامان عومەر، ڕۆژنامەنووس لێدوانێکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوە کرد: ئه‌مڕۆ له‌کاتێکدا که‌ پێنجه‌مین ساڵیادى تیرۆرکردنى شه‌هیدى قه‌ڵه‌م (کاوه‌ گه‌رمیانى)  به‌ڕز ڕاده‌گرین، ده‌مانه‌وێت بڵـێیـن که‌یسى تیرۆرکردنى کاوه‌ گه‌رمیانى و شه‌هیدانى ترى قه‌ڵه‌م، که‌یسى تیرۆر و کوشتن و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌هه‌موو ئازادیخوازێک، که ‌دژى نادادى، ویژدانى زیندووه‌ و ده‌جه‌نگێت.

ئەوەش هاتبوو: لاى هه‌موومان ڕوونه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم، بۆ کپ  و بێده‌نگکردنى ده‌نگى ئازا و ئازاد، ده‌یان و سه‌دان ڕێگاى جۆرا و جۆریان گرتووه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ فه‌شه‌له‌کانیان ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ  زیاتر و زۆرتر ده‌رده‌که‌وێت.

باس لەوەش کرا: له‌کاتێکدا یادى تیرۆرکردنى ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ به‌رز ڕاده‌گرین، جگه‌ له‌وه‌ى که‌ تائێستا تاوانبارانى پشتى ڕووداوه‌که‌ و هانده‌رانى ئه‌و کرده‌ تیرۆرستییه‌ ده‌ستگیرنه‌کراون، هاوکات ده‌بینین مه‌وداکانى ئازادى و دیموکراسى ڕۆژ  له‌دواى ڕۆژ، له‌لایه‌ن سیستمى میلیشیایی و بنه‌ماڵه‌یی دوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار به‌رته‌سک ده‌کرێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ تۆمارکردنى سکاڵای جۆرا و جۆر له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌ستگا ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌ئامانجى بێده‌نگ کردن و هه‌روه‌ها به‌زۆر  داخستنى باره‌گاى حزب و یاساغکردنى کارى ڕێکخراوه‌یی لێیان، که‌ ئه‌مه‌ جێگاى شه‌رمه‌زارى ده‌سه‌ڵاتێکه‌، که‌ خۆی  به‌ خاوه‌نى دروشمى جۆرا و جۆرى  دیموکراسى و ئارامى و سه‌روه‌رى یاسا ده‌زانێت.

ئەوەش هاتبوو: لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین که ‌تیرۆرکردنى کاوه‌ گه‌رمیانى و ڕۆژنامه‌نوسه‌کانى دیکە (سۆران و سه‌رده‌شت و وەداد) هه‌ره‌مى سه‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسه، خوێنى ڕژاوى ئه‌وان شایانى له‌بیرکردن نیه‌ و به ‌وه‌فا ده‌بین بۆیان، خۆمان به‌ ڕێبوارى ڕێگاى ئه‌و کاروانه‌ ده‌زانین و له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ى هه‌موو جۆره‌ قوربانیدانێکین بۆ وتنى وشه‌یه‌ک بۆ ئازادیى.

لە کۆتایدا وەک وەفایەک بۆ ڕوحی شەهیدی قەلەم کاوە گەرمیانی، کە پینج ساڵ لەمەوبەر و لە ٥ی ١٢ی ٢٠١٣ لە بەردەم ماڵەکەی خۆی تیرۆرکرا، پێنج مۆم داگیرسێندران و دواتر کۆتایی بە یادەکە هات.

ک.ک