لە ڕاپەڕینەوە بۆ ئێستا.. هەوڵ و شکستەکانی حکومەتی هەرێم لە کارەبادا

لەگەڵ ڕاپەڕین و دروستکردنی حکومەتی هەرێمدا، کارەبای ٢٤ کاتژمێری نەما و تا ئێستاش کەس نەیبینیەوە، حکومەت ملیۆنان دۆلاری بۆ کێشەی کارەبا تەرخانکرد و کیشەکە چارەسەرنەبوو، ئیستا بۆ پێوەری زیرەک ٤٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە، بەڵام دەوترێت زیانی زۆرە بۆ هاوڵاتیان، حکومەتیش دەڵێت ٩٠٪ی کیشەی کارەبا چارەسەر دەکات، بەڕوانین لە ڕابردوو خەڵک متمانەی بەم هەوڵەش نییە.


لە ٢٩ ساڵ تەمەنی دەسەڵاتی کوردیدا لە باشوری کوردستان، نەتوانراوە کێشە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان کە کارەبا، نەوت و غازە چارەسەر بکرێت، بەڵکو ساڵ لە دوای ساڵ کێشەکان بەردەوامی پێدراوە، دەیان و هەزاران بەڵێن بە هاوڵاتیان درا و هیچیان جێبەجێ نەبوو، لەم بەدووداچوونەدا، ڕۆژنیوز هەوڵەکانی ڕابردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا تا ئەمڕۆ دەخاتەڕوو.

لە هەرێمی کوردستاندا بە گشتی ١٢ وێستگەی کارەبا هەیە، کە بریتین لە هەولێری غازیی، سلێمانی غازیی، دهۆکی غازیی، بازیانی غازیی، خورمەڵە، خەبات'ی نەوتی ڕەش، خەباتی هەڵمی، باعەدرێ' نەوتی ڕەش، دوکان'ی کارۆئاوی، دەربەندیخان'ی کارۆئاوی، ٢٩مێگاواتی دیزڵ کە بە گازوایل کار دەکات، کە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش هەیە و لەوانە ١٣ یەکەی لە بەر نەبوونی سووتەمەنی کارناکات.

بە وتەی ئومێد ئەحمەد، بەڕێوبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکان لە هەرێم ٣٥٠٠ مێگاوات تا ٣٨٠٠ مێگاواتە، ئەوەش لە کاتێکدایە هەرێم لە سەروو حەوت هەزار مێگاواتی پیویستە.

لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قەیران و نەبوونی کارەبا سەریهەڵدا و سەرجەم هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە لایەن بە رپرسانی هەرێمەوە تا ئێستا شکستیانهێناوە، سەرەتای ئەو هەوڵانەش بە دانانی فیوز بۆ کارەبای ماڵان دەستیپێکرد، کە بۆ هەر ماڵێک حەوت ئەمپێر بوو، کە ئەوەش بەشی پێویستی ماڵانی نەدەکرد و بە فشارێکی کەم زۆر دەسووتا و نەشیتوانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بداتە هاوڵاتیان.

دواتر پەنابرا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دانانی مۆلیدەی ئەهلیی و مۆلیدەی حکومەییەوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن، دوای بەهەدەردانی بڕێکی دیکە پارە بە هاوڵاتیان بەکڕینی جۆزە و وایەر، پاش ماوەیەک بە بیانوی ئەوەی حکومەت دەتوانێت کارەبای ٢٤ کاتژمێر دابینبکات، بڕیاری لابردنی مۆلیدە ئەهلیی و حکومییەکان درا و مۆلیدە حکومییەکان کەس نەیزانیی چییان بەسەرهێنرا.

دواتر و بەماوەیەکی کەم حکومەت شکستی ئەوەشی ڕاگەیاند و جارێکی دیکە مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ گەڕەکەکان دانرایەوە و دووبارە هاوڵاتیان بڕێک پارەی دیکەیان خەرجکرد، ئەوە جگە لەوەی ناچاربوون کە هەموو مانگێک دوو کرێی کارەبا (مۆلیدە و کارەبای حکومی) بدەن، بەڵام بەرپرسان بەم ڕێگەیەش نەیانتوانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دابینبکەن.

هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا، پرۆژەی دانانی جۆزەی ٢٠ ئەمپێری یان ١٦ ئەمپێری بۆماڵان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و لە چەند شارۆچکە و شارەدێیەکی سنوری سلێمانی بۆ ماڵان دانرا، بەڵام ئەوەش بەهۆی ئەوەی نەبووە وەڵامدەرەوەی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، ئەو پرۆژەیەش سەری نەگرت و شکستی هێنا و ڕاگیرا، بۆ ئەوەش بڕێکی دیکە پارە بەهەدەر درا.

جگە لەوانە، دانانی کاتژمێری زیرەکی کارەبا لە ناو شاری سلێمانی خرایە جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەم پرۆژەیەش هەر زوو شکستیهێنا و تەنها لە گەڕەکەکانی هەوارەبەرزە و تووی مەلیک دانرا، ئەوەش دوای ئەوەی کە بڕێکی زۆر پارە بە بیانووی کڕینی پارە بۆ کڕینی ئەو کاتژمێرە زیرەکە لە هاوڵاتیان وەرگیرا، ئەوە جگە لەوەی پێنج ملیار دیناری حکومەتی بۆ تەرخانکرا و بەهەدەرچوو.

دوای شکستهێنانی ئەو پرۆژانە بۆ چارەسەریی کێشەی کارەبا، تا ئێستا بە کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانیشەوە نەتوانراوە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت، لە زۆربەی کاتەکاندا لە وەرزی زستاندا کەمتر لە شەش کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە.

لە ئێستاشدا بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا حکومەت سەرقاڵی دانانی پێوەری زیرەکە، بۆ ئەمەش لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی گرێبەست کراوە و لە لایەن ئەندازیارانی ئێرانییەوە دادەنرێت و لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەیان هەزار پێوەری لێبەستراوە، بۆ ئەمەش ٤٠٠ ملیۆن دۆلار تەرخان کراوە.

هەرچەندە ئەوانەشی بەستراون هێشتا کاریان پێناکرێت، بەڵام باس لەم هەوڵەش دەکرێت و دەوترێت کاریگەریی نەرێنی زیاترە، لەم چوارچێوەیەدا ڕێبوار محەمەد مامۆستای بەشی کارەبا لە زانکۆی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دووا.

ڕێبوار محەمەد باس لەوە دەکات، پێوەری زیرەکیش تازە کردنەوەی ئەو سیستمانەیە کە هەمانە و لە ڕێگای ئەمەوە دەتوانرێت بزانرێت کە هەر بەشداربوویەک ئەو وزەیەی کە وەریدەگرێت چەندە و لە هەر کاتێکش کە پارەی نەدابێت لە سەنتەرەوە بتوانرێت کارەباکەی ببڕدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە یەکێکی دیکە لە نەرێنییەکانی ئەم پرۆژەیە، بەهۆی تەکنیکەوە سەدان کرێکار بێ کار دەبن، بەو پێیەی لە سەنتەرەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.

ئەو مامۆستایە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەگەر ئەم سیستمە جێبەجێبکرێت و پارەی کارەبا وەربگیرێتەوە خەڵکی ئاسایی کە گوزەرانیان خراپە ئەو پارەیەیان پێینادرێت و لە کۆتاییدا خەڵک باجەکەی دەدات، بە بڕوای من دەبوو پێش ئەمانە و دابین کردنی کارەبا، غاز و ئاو بیرییان لە دۆخی خەڵک بکردایەتەوە، چونکە ئەمە گوناحێکی گەورەیە دەرحەق بە خەڵک.

تا ئێستا ڕوون نییە بەو سیستمە چەند ئەمپێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت، دەوترێت ٢٠ بۆ ٦٠ ئەمپێر دەبێت، بۆ تێچووەکەی ئەگەر هەیە بە کورتەنامە بگاتە هاوڵاتیان، یان لە ڕێگای سەنتەرێکی کۆنتڕۆلکردنەوە چاودێری بەکارهینانی کارەبا دەکرێت، بۆ ئەمە مامۆستا ڕێبوار وتی:"شەڕی وەزارەت ئەوەیە کە ئەو پارەیە وەربگیرێتەوە کە تێیچووە".

بە وتەی بەرپرسانی کارەبا، دوو ساڵی دیکە دانانی ئەم پێوەرە کۆتایی دێت، دەشڵێن ٩٠٪ی کێشەکانی کارەبا چارەسەر دەکات.

س.ح