لە ڕواندز سێ‌ كەس بوونە قوربانی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی

بەهۆی كێشەیەكی كۆنی كۆمەڵایەتیەوە، لە گوندی گەرەوان سەر بە شارەدێی ڕواندز لە سنوری پارێزگای هەولێر، شەڕ دروست بوو و بەهۆیەوە كەسێك كوژرا و دووانی دیكەش بریندار بوون.


ئەمڕۆ لە گوندی گەرەوان لە سنوری شارۆچكەی ڕواندز، لەنێوان دوو بنەماڵەدا شەڕ ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ‌ كەس بوونە قوربانی، شەڕەكەش بەهۆی كێشەیەكی كۆنی كۆمەڵایەتییەوە بووە.

ڕاید سەعدون هاودیانی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سۆران بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز وتی: بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی كۆنەوە، لەنێوان دوو بنەماڵەدا لە گوندی گەرەوانی سەر بە شارەدێی ڕواندز شەڕ ڕوویداوە و كەسێك بە ناوی نەوزاد شێخە كوژراوە و دوو كەسی تریش بە سەختی بریندار بوون.

وتیشی: یەكێك لە بریندارەكان كوڕی كوژراوەكەیە و یەكێكی دیكەش برایەتی و تاوانبارانیش هەڵاتوون و خۆیان ڕادەستی پۆلیس نەكردووە.

باسی لەوەش كرد: لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە و هەوڵدەدەین بە زووترین كات ئەوانەی تاوانەكەیان كردووە دەستگیریان بكەین.

بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شەڕ و ئاڵوزیی لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا بەردەوامە و کەسوکاری قوربانییەکان دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان بکەنەوە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٠٩ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ك.ك/ز