لە ڕۆژهەڵات و ئێران چی ڕوو دەدات!

خۆپیشاندانی گەلانی ئێران دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەلایەن دەوڵەتەوە، پێی ناوەتە سێیەمین ڕۆژ بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ کەس کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون، ژمارەیەک بانک، بنکەی پۆلیس و شوێنە حکومییەکان سووتێندراون، پەرلەمانی ئێرانیش بۆ تاوتوێکردنی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و خۆپیشاندانەکان لە کۆبونەوەدایە.


شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی لە ناکاو لە تەلەفزیۆن و میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕاگەیەندرا کە نرخی بەنزین لە کاتژمێر ١٢ی شەو بەرز دەکرێتەوە بۆ سێ هێندە، ئەمە لە کاتێکدابوو سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندبوو کە ٦٠ ملیۆن کەس لە ئێران بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانیان پێویستییان بە هاوکارییە.

بەپێی نرخەکانی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران، نرخەکانی بەنزین، لە حکومییەوە بۆ ئازاد گۆڕانکاریی بەسەرداهات، کە نرخی یەک لیتر بەنزینی حکومی بە هەزار و ٥٠٠ تمەن دەبێت و یەک لیتر بەنزینی ئازاد سێ هەزار تمەن و بەنزینی سوپەر سێ هەزار و٥٠٠ تمەن دەبێت، ئەمە لەکاتێکدایە، کە پیشتر بڕی هەر لیترێک بەنزین هەزار تمەن بووە، بەو پێیە نرخی بەنزینی حکومی لە ٥٠٪ زیادیکردووە و بەنزینی ئازادیش سێ هێندەی نرخەکەی پێشووی بەرزبووەتەوە.

بێجگە لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، حکومەتی ئێران پێدانی بەنزینی حکومی بە هاوڵاتیان سنووردار کردووە، بەشێوەیەک کە هەر خاوەن ئۆتۆمبێلێک بۆی هەیە مانگانە ٦٠ لیتر بەنزین بە نرخی بەنزینی حکومی وەربگرێت، دواتر دەبێت بە نرخی ئازاد بەنزین بکڕێت، کە ئەویش سێ هەزار تمەنە.

ئەم هەواڵە ناکاوە وایکرد، هەر ئەو شەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بۆ پڕکردنی تانکی ئۆتۆمبیلەکانیان بە بەنزینی هەزار تمەنی ئۆتۆمبێلەکانیان بردە بەردەم بەنزینخانەکان و سەرەیان گرت، بەڵام بەمە کۆتایی نەهات و بڕیارەکەی دەوڵەت بۆ سێ هێندەکردنی نرخی بەنزین ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە، هەر ئەو شەوە لە چەندین شوێن بە تایبەتی لە باشوری ئێران خەڵک ڕژانە شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی هەینیش ناڕەزایەتییەکان وردە وردە پەرەی سەند و گەیشتە چەندین پارێزگای دیکەی ئێران لەوانە کرمان، شیراز و بوشهر و خەڵک بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی تووڕەیی خۆیان بەرامبەر سیاسەتە ئابورییەکانی دەوڵەتی ئێران دەردەبڕی، ئێوارەی ڕۆژی هەینی گربوونەوەکان ڕووبەڕووی هێرشی توندی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بووەوە و لە شاری سیرجان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، خۆپیشاندەرێک کوژرا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.

نێوەڕۆی ڕۆژی شەممە واتا دوێنێ گربوونەوەکان گۆڕدرا بە خۆپیشاندان و زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و تا دەهات بەرفراوان دەبوو، دەوڵەتی ئێران هێزە ئەمنییەکانی بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان جوڵاند و دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر خەڵک.  

ئێوارەی دوێنێ و بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بە ئاوی بەتەوژم و گازی فرمێسکڕێژ و هەروەها لە چەندین شوێن بە گولـلەی ڕاستەوخۆ، توندوتیژی لێکەوتەوە و چەند کەسێک کوژران و چەندین کەسیش برینداربوون.

یەکێک لە کاردانەوەکانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵات کوردستان کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بوو لەسەر شەقامەکان، بەمشێوەیە زۆربەی شەقامەکانی ناوشار و تەنانەت ڕێگاکانی نێوان شارەکان داخران.

هێرشەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان توندتر دەبوو و خەڵک لە بەرامبەر ئەم هێرشانە و بۆ پاراستنی خۆیان سەنگەریان لە هێزە ئەمنییەکان گرت، هەروەها لە وەڵامی هێرشەکاندا چەندین شوێنی دەوڵەتی سووتێندران.

لە شارەکانی ئورمیە و بۆکان و سەڵماس لە پارێزگای ئورمیە، شارەکانی بانە، کامیاران، سەقز، مەریوان و سنە لە پارێزگای سنە، شارەکانی؛ شاباد، سەرپێڵ زەهاو، گیلان، جوانڕۆ و کرماشان لە پارێزگای کرماشان، شاری ئیلامی ناوەندی پارێزگای ئیلام و هەروەها شارەکانی؛ کۆدەشت، درود و خۆڕمئاوا لە پارێزگای لوڕستان، خەڵک لەسەر شەقامەکان دروشمی "دەست لە سوریا بەردە، بیر لە ئێمە کەرەوە" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، بەرز کردەوە.

لە یەکەم وەڵامدانەوە بەرامبەر هێرشی هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری کرماشان خۆپیشاندەران بنکەیەکی پۆلیسیان سووتاند، ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوەش کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هاتبوون، ڕووبەڕووی تووڕەیی خەڵک بوونەوە و نەیانتوانی بچنە نزیک بنکەکە، لە مەیدانی ئازادی شاری کرماشان هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بە تەوژم هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و چەندین کەس برینداربوون.

هاوکات لە شارەکانی دیکەی ئێران لە زۆربەی ناوچەکان لە باشوری ئێران و خوراسان، خوزستان، ئازەربایجان، شیمالی ئێران، بەلوچستان و ناوەندی ئێران لەگەڵ تارانی پایتەخت، خەڵک دژی هێرشەکانی هێزە ئەمنییەکان چەندین بانکی دەوڵەتی، بنکەی پۆلیس و بەسیج و تەنانەت شارەوانی و قائیمقامییەتەکانیان سووتاند.

دوای ئەوەی خەڵک لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان و دژی سیاسەتە ئابورییەکانی دەوڵەت خۆپیشاندانیان کرد، سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران واتا؛ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار، عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمان و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران وەک ئەنجومەنی باڵای هەماهەنگی ئابووری کۆبوونەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا هەندێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئێران داوای دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کرد، و پێشنیارێکیان ئامادە کرد بۆ ئەوەی نرخی بەنزین بگەڕێتەوە بۆ پێش ئەم چەند ڕۆژە.

هەر شەوی ڕابردوو لەلایەن حکومەت و ناوەندە ئەمنییەکانەوە، بڕیار درا کە دەوامی خوێندنگا و زانکۆکانی تارانی پایتەخت بۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕابگیرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە 'عەبدوڕەزا ڕەحمانی فەزلی' وەزیری ناوخۆی ئێران لە لێدوانێکی فەرمی لە تەلەفزیۆنی ئێرانەوە ڕایگەیاند کە، ڕووبەڕووی "گێرشێوێنان" دەبنەوە، هەر شەوی ڕابردوو عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران بەرگریی لە بڕیارەکەی حکومەت کرد و ڕایگەیاند کە ئەو کارە بە باش دەزانێت و ئەمڕۆش جەختیکردەوە کە بڕیاری زیادکردنی نرخی بەنزین جێبەجێ دەکەن و خۆپیشاندەرانیشی بە شەرەنگێز ناوبرد.

هیچ لە بڕیار، قسە و بەڵێناکان نەیتوانی قەناعەت بە خۆپیشاندەران بێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکانیان و بە گوڕوتینێکی زۆرترەوە بەردەوامییان بە نارەزایەتی دەربڕینەکانیاندا.

لەو توندوتیژیانەی دوابەدوای دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ڕوویدا ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران کوژران و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، هەرچەند هیچ ئاماریکی فەرمی بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبنەوە و بە گوێرەی هەندێک ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ئەو ئامارانەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ بڵاوی دەکەنەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ کەس کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون.

زۆرترین ژمارەی کوژراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئێران دەست لە کوشتنی کوردەکان ناپارێزێت، دەوترێت تا ئێستا لە مەریوان سەربە پارێزگای سنە، چوار کەس کوژراون و ١٠ی دیکەش بە گولـلەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون کە منداڵێکیش لەناو قوربانییەکان دایە.

هەروەها بەپێی سەرچاوە هەرێمییەکان لە شاری جوانڕۆ سەربە پارێزگای کرماشان، هێزە ئەمنییەکان دەستڕێژی گولـلەیان لە خەڵک کردووە و ژمارەیک خۆپیشاندەریان کوشتووە، دەوترێت لە جوانڕۆ زیاتر لە١٠ کەس کوژراون بەڵام ئامارەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە. 

لە ئێستادا ئینتەرنێت لە شارەکانی ئێراندا لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران بە تەواوەتی بڕاوە، هەروەها باس لەوە دەکرێت هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە دەستگیرکردنی چالاکوانان کردووە و ژمارەیەکی زۆریش لە خۆپیشاندەران ڕفێندراون و براونەتە زیندانە ئەمنییەکان.

لە ئێستاشدا دانیشتنی داخراوی پەرلەمانی ئێران بۆ تاوتوێکردنی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و خۆپیشاندانەکان بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندانەکانیش لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.

ک.س