سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەرگای خوێندنگەكان لە هەرێمی كوردستان، دەكرێنەوە و لە ڕۆژی ١٦ی مانگەوە پۆلی ١٢ دەست دەكەنەوە بە دەوام.
نزیكەی ساڵێك دەبێت لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، دەرگای خوێندنگەكان، داخراون، بەشێك لە مامۆستایانیش پێیان وایە، نەكردنەوەی خوێندنگەكان، بە هۆی نەدانی مووچەوەیە، نەك ڤایرۆسەكە.
ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بڕیار دراوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دەرگای خوێندنگەكان بكرێنەوە و وتیشی: ڕۆژی ١٦ی مانگ، پۆلی١٢ دەست بە دەوام دەكەنەوە.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوەش كرد، سەرەتای مانگی داهاتوو، جارێكی دیكە كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەكە بكەن، هەروەك وتیشی: پۆلەناكۆتاكان لە ڕۆژی ١ی ٣ دەست بە دەوام دەكەنەوە.
ئـ ت