“بە سکێک تێر و بە چوار برسیین” ئەمە وەڵامی کاسبکارێک بوو کاتێک لێمان پرسی گوزەرانت چۆنە؟، لوقمان ئەحمەد لە پەنجاکانی تەمەنیدایە و داهاتی ڕۆژانەی چەند هەزارێکە، هەرچەندە دەڵێت ئێستا خاوەنی یەک هەزارە، بەڵام “هیچ داوایەک لە حکومەت ناکەم چونکە دز و مافیان”.
لوقمان ئەحمەد هاوڵاتییەکی کاسبکارە، لە گۆشەیەکی ناو بازاڕی سلێمانیدا لەسەر پارچە کارتۆنێک کۆمەڵێک پێداویستی ڕۆژانەی داناوە بۆ فرۆشتن، کە بە هەموویەوە بەهاکەی ناگاتە ٢٠ هەزار دینار، لوقمان ئەرکی خێزانی پێنج کەسی لەسەر شانە و برایەکی کەمئەندامیشی هێناوەتە لای خۆی و دەیژیێنێت.

لوقمان یەکێکە لەو هەزاران مرۆڤە کەم دەرامەتەی، کە سەرباری بێبەشبوونیان لە خێروبێری ئەم وڵاتە، بوونەتە قوربانی ئەو قەیرانە یەک لە دوای یەکانەی کە لە دەرئەنجامی گەندەڵی و شکستی سیستمی حکومڕانی ئەم هەرێمەدا دروستبوون، ئەو تەمەنی ٥٠ ساڵی تێپەڕاندووە و تا ئێستاش لەسەر بازووی خۆی ژیاوە و خێزانەکەی ژیاندووە، ئەو کاسبکارە لە بارەی دۆخی بازاڕ و گوزەرانی خۆیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
لوقمان ئەحمەد دەڵێت:”بژێوی ژیانم لەسەر ئەم کارەیە، لە بەیانی زووەوە دێمە ناو بازاڕ تا ئێوارە کاردەکەم، نزیکەی پێنج تا شەش هەزار دینارم دەستدەکەوێت، بازاڕ بۆ ئێمە بێ کەڵک بووە و زۆر کزە، بە تایبەتی دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، شتەکان گران بووە و خەڵک کەمتر شت دەکڕن، ئێمەش ئەم کارە بە مەجبوری دەکەین، ژیانمان لەو پەڕی خراپییدایە”.
دەشڵێت:”دوای ٥١ساڵ تەمەن بە کرێکاری و کاسبکاری، ئێستا تەنها خاوەنی هەزار دینارم، جاران کاری قورسم دەکرد بەڵام ئێستا بەهۆی تەمەن و خراپی تەندروستی و لەشمەوە ناتوانم کاری قورس بکەم، لە مانگی حەوتی ساڵی پارەوە پارەی ئەمپێری مۆلیدەم پێنەدراوە و قەرزە لەسەرم، پارەی ئاو و کارەباش دەمێکە نەمداوە و ناتوانم بیدەم، تەنانەت ناتوانین بە دڵی خۆشمان نان بخۆین، بە سکێک تێر و بە چوار سک برسین”.
ئەم کاسبکارە وێرای دخۆی سەختی ژیانی، دەڵێت داوای هیچ لە حکومەت نەکەم چونکە “دز و مافیان”، هەروەها دۆخی ژیانی دەخاتە ئەستۆی دەسەڵات و دەڵێت:”دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بەرپرسیاری یەکەمن لەم دۆخە، بە گەندەڵی سیاسی و ئابوری، ئێمە حکومەتێکی مەدەنی و دیموکراتمان نییە هەتا ڕێزی نیشتمان و خەڵکەکەی لابێت و خزمەتی وڵات بکات، بۆیە هیچ داواکارییەکمان لێیان نییە ئەمانە مافیا و دزن”.
لوقمان ئەحمەد ئاماژە بەوەش دەکات، کە ڕۆژی وا هەبووە هیچ پارەیەکی دەستنەکەوتووە، “بۆ ئەوەی لای ژن و منداڵ ڕووزەرد نەبم، پەنام بردووەتە بەر قەرزێکی بچوک، دوو تا سێ هەزارم لە کەسێک قەرزکردووە و داومە بە خواردن بۆ ماڵەوە، بۆ ڕۆژی دواتر قەرزەکەم داوەتەوە”.
س.ح