لە کامپی پەنابەرانی مەخموور یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە پێکهات کرایەوە و کۆمەڵکوژییەکە شەرمەزار کرا.
خەڵکی کامپی پەنابەرانی شەهیدانی ڕۆستەم جودی (مەخموور)، لە بارەگای ڕێکخراوی خێزانە شەهیدەکان بە لێدوانێک کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانیان لە ٣ی ٨ی ٢٠١٤ کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە پێکهات شەرمەزارکرد.
سەرەتا بەشداربووان بە خولەکێک وەستان ڕێزیان لە شەهیدانی شەڕڤانی ئازادی کوردستان گرت، دواتر فادیلە تۆک، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عەشتار، لێدوانەکەی خوێندەوە.
لە لێدوانەکەدا هاتبوو: لە سەرەتادا لە کەسایەتی مام زەکی دا یادی هەموو شەهیدانی شەنگال بەبیردینینەوە و سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوینین، لە کاتێکدا ٣ی ئاب بەبیر دێنینەوە ئێش و ئازاری گەلی شەنگال و گەلی کورد لەبەر چاومانە و هاواریان لە گوێماندا دەنگ دەداتەوە.
ئەو هێزە قیزەونەی بەناوی داعش کە لە لایەن دەوڵەتی تورک و ئاکەپەوە دروستکرا بوو، بووە بەڵای سەری مرۆڤایەتی، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە دەیویست ئەو هێزە لەناوبەر و دڕندەیە کوردستان و بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە فکری ڕێبەر ئاپۆی تێداییە، تێیدا بڵاو بکاتەوە و بەدەستی ئەوان گەلی کورد لەناو بەرن.
وتیشی: ئەوەی بەسەر گەلی شەنگال و بەتایبەت ژنان و گەنجاندا هاتووە وەحشیگەرییەکی گەورەبوو، بە هەزاران ژن و گەنج کوژران و لە بازاڕدا فرۆشران و هەزاران کۆمەڵکوژکران ئەوەش بەبەر چاوی دنیاوە بوو کەسیش لەسەریان نەهاتە جواب، چونکە دەستی هەموو دەوڵەتان لەوەدا هەبوو، بۆ ئەوەی داوای ئەردۆغانی سەر چەتە پێکبهێنن چاوی خۆیان داخست.
لە کۆتایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لە ئێستاشدا شەڕی لەناوبردنی فکری ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئێمە بە بیرو باوەڕێکی بەهێز خۆمان بنیاتناوە بۆیە کەس ناتوانێت بمانشکێنێت.
لێدوانەکە بە دروشمی بێ سەرۆک ژیان نابێت، شەهید نامرن و بژی بەرخۆدانی شەنگال کۆتایی پێهات.
ک.س