لە کامپی هۆل ئاگر کەوتەوە و پەنابەرێکی عێراقی کوژرا

پەنابەرێکی عێراقی لە کامپی هۆل کوژرا، ئەوەش دوای ئەوە چادرەکەی سوتێندرا، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە، ژنە داعشەکان تۆمەتبارن.


بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کامپی هۆل لە ٤٥ کیلۆمەتری شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کەوتەوە و دوو چادر سووتان، دواتر تەرمی پەنابەرێکی عیراقی لەناو یەکێک لە چادرەکان دۆزرایەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی هاوار، تەرمی ئەو کەسە دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە دۆزراوەتەوە و گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی داد، هێزە ئەمنییەکانیش ڕایانگەیاند: ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە، هی پەنابەرێکی عێراقییە کە تەمەنی نزیکەی ٣٠ ساڵە.

دوای پشکنین بۆ تەرمەکە لە پزیشکی داد، دەرکەوتووە کە ئەو کەسە پێش سووتانی چادرەکەی بەهۆی لێدانی شەش زەربە کە بەر سەری کەوتووە گیانی لەدەستداوە.

ئاژانسەکە ئاماژە بەوەدەکات کە هێزە ئەمنییەکان دوای بینینی کامێراکانی ناو کامپەکە و لێپرسینەوە لە کەسانی ناو کامپەکە، هەندێک زانیارییان دەستکەوتووە و تا گەیشتن بە بکەری تاوانەکە بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوەکانیان.

هێزە ئەمنییەکان هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمشێوە تاوانانە، تایبەتە بە ژنە داعشەکان و دژی ئەو کەسانە ئەنجامدەدرێت کە وازیان لە بیری داعشی هێنابێت.

ک.س