لە کرماشان ١٧ کاندید خۆیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن کشاندەوە

لە کاتێکدا کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ماوە بۆ کۆتاییهاتنی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، ١٧ کاندید خۆیان لە کێبڕکێیەکان کشایەوە.


دوێنێ کاربەدەستانی پارێزگای کرماشان ڕایانگەیاند کە لە شەش بازنەی دەنگداندا، ١٧ کاندیدی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان خۆیان لە کێبڕکێیەکان کشاندووەتەوە.

بەهرام سولەیمانی سکرتێری گشتی نووسینگەی سیاسی و هەڵبژاردنی پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاند: لە کۆی ١٦٠ کاندید کە شیاوییان بۆ هەڵبژاردنەکان پەسەند کراوە، تا ئیستا ١٧ کەسیان لە شەش بازنەدا، خۆیان لە کێبڕکێیەکان کشاندووەتەوە و لە ئێستادا ١٤٣ کاندید لە سەرتاسەری پارێزگای کرماشان بەردەوامن لە بانگەشەی هەڵبژاردن.

جێگای ئاماژەیە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی کاندیدەکان بۆ پەرلەمانی ئێران کاتژمێر ٠٨:٠٠ی سەر لە بەیانی سبەی کۆتاییپێدێت و پرۆسەی دەنگدان ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگەی واتە هەینی کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی دەستپێدەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن تادێت بەرفراوانتر و بەهێزتر دەبێت و گروپ و ڕێکخستن و پارتە جیاوازەکانی ئێران لەوانە ڕێکخستنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها زیندانیانی سیاسیش هەڵبژاردنیان بایکۆت کردووە و داواشیان لە خەڵک کردووە کە نەچنە سەر سندوقەکان و بەشداری لە هەڵبژاردن نەکەن.

ک.س