لە کۆنفرانسێکدا مەترسی ئافاتی سەردەم خرایەڕوو

​​​​​​​"ماددەی هۆشبەر ئافاتی سەردەم" ناونیشانی کۆنفرانسێکی ڕووبەڕوبونەوەی ماددەی هۆشبەر بوو لە شاری سلێمانی کە تیایدا مەترسییەکانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن پێوەی خرانەڕوو.


لە کۆنفرانسەکەدا کە ژمارەیەک کەسایەتی و بەرپرس و  نوێنەری لایەنەکان بەشداربوون تێیدا، چەند پانێڵێکی جیاوازی تێدا پێشکەشكراو بڕیاریشدرا لەمەولا چالاکییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ماددەی هۆشبەر زیاد بکرێن کە ئێستا بووەتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر کۆمەڵگا.

جگە لە دەرخستنی مەترسییەکان، لە کۆنفرانسەکەدا چەند ئامارو داتایەکیش لەسەر بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەر خرانەڕوو.

چنار عەبدولقادر، لە بەڕێوبەرایەتی فەرمانگەی داواکاری گشتی چاکسازی و کۆمەڵایەتی سلێمانی، ئامارێکی سەبارەت بەسزادراوانی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی خستەڕوو کە تیایدا لە ساڵی ۲۰۱۹دا ٤۰٥ سزادراو هەبووە، لەو ژمارەیەش ١٦٧ سزادراویان پێشتر تۆمەتباربوون بە مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەرو دووبارە گەڕاونەتەوەسەر ئەو کارە.

لای خۆیەوە، تاهیر عەلی دادوەر و ئەندامی دادگای تاوانەکانی سلێمانی، باسی لە یاساکانی ڕووبەڕووبونەوەی هۆشبەری کردو ڕایگەیاند، پڕۆژه ‌یاسای مادده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە لە ١٢ی ئەم مانگەدا په‌سندكراوە، ژمارەیەک بڕگەو ماددەی باش لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەوەی کە ئەوان پێشنیازیان کردووە و بە پێویستیانزانیوە، جێی نەکراوەتەوە، ئەویش خۆی لە نەبوونی شوێنێکی تایبەت دەبینێتەوە بۆ چارەسەری ئالودەبووان.

ئەو  دادوەرە باسی لەوەشکرد: لە هەرێمی کوردستان حەبی ترامادۆڵ لە دروستکردنی ماددەی هۆشبەردا بەکاردەهێنرێت کە ئەوەش کاریگەری مەترسیدار لەسەر بەکارهێنەران و بەتایبەت گەنجان بەجێدەهێڵێت و حکومەتیش نەیتوانیوە وەک پێویست ڕێگە لەمە بگرێت.

ئاشکراشیکرد، ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان شەش کەیسی ماددەی هۆشبەر تۆمار دەکرێت.

ک.س