لە کۆنفرانسێکدا “ڕۆڵی میدیاکار لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان “خرانە بەر باس، ئامادەبووان هاوڕابوون لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی میدیایی لەسەر ئاستی کوردستان و بەکارهێنانی زمانێکی هاوبەش.
کۆنفرانسەکە، بە ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، بەشێوەی ئۆنلاین لە ڕێگەی تۆڕی ‘زووم’، لەکاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ دەستیپێکرد و کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە کۆتایی هات.
لەو کۆنفرانسەدا، زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و میدیاکار لەئاستی چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە ئامادەی بوون.
لە کۆنفرانسەکەدا چوار پانێڵ ساز کران، پانێڵی یەکەم بە ناونیشانی ‘دۆخی میدیا لە پارچەکانی کوردستاندا’، لەلایەن هەریەک لە سەردار ئاڵتان لە باکووری کوردستان، نیاز عەبدوڵا- باشووری کوردستان، هێمن سەیدی- ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەزنە نەبی لە ڕۆژئاوای کوردستان قسەیان لەسەر کرا.
پانێڵی دووەم بە ناونیشانی ‘ڕۆڵی مدیا لە بەرجەستەکردنی دۆزی کوردستاندا’ لەلایەن ئاسۆس هەردی- باشوور، ئامانج عەزیزکەندی- ڕۆژهەڵات، زێوەر شێخۆ ڕۆژئاوا و ئەلیف جان ئالکان، لە باکووری کوردستانەوە گفتوگۆیان لەسەر کرا.
‘ڕۆڵی میدیا لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەدا’، ناونیشانی پانێڵێکی دیکەبوو، کە هەریەک لە فەریبا محەمەدی، وەک نوێنەری ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵات، شوان محەمەد لە باشوور – عەبدولڕەحمان گۆک لە باکور و مزگین گورسە لە ڕۆژئاوا، قسەیان لەسەر کرد.
کۆتا پانێڵیش لەژێر ناوی ‘دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم میدیایەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی’ بۆ هەریەک لە ئەڤین یوسف لە ڕۆژئاوا، ئامەد دیجلە- باکوور، خالید محەمەدزادە-ڕۆژهەڵات و کەمال ڕەئوف لە باشووری کوردستان، ساز کرا.
لە کۆتایی هەر پانێڵێکدا، بەشداربووان گفتوگۆیان لەسەر بابەتەکان دەکرد و سەرنج و پێشنیاری خۆیان خستەڕوو.
بەگشتیی بەشداربووان کۆک بوون لەسەر:
– دروستکردنی پلاتفرۆرم یان ناوەندێکی نەتەوەیی لەسەر ئاستی کوردستان بۆ میدیاکاران.
– پشتیوانییکردن لە میدیایەکی ئازاد و سەربەخۆ و بەهێزکردنی ناوەندە میدیاییەکان، بۆ گەیاندنی دۆزی کورد و گەیاندنی پرسە نەتەوەییەکان بە دەرەوە.
– میدیا پیشەیی و لەسەر بنەمای پرسنسیپەکانی کاری ڕۆژنامەوانیی، کار بکات.
– لایەنە پەیوەندییدارەکان زانیاریی پێویست بخەنە بەردەم میدیاکاران.
– سەرنجی میدیا لەسەر ئەو ناوچانە بێت، کە لەژێر هێرشی گەورەدان.
– داڕشتنی زمانێکی هاوبەشی نەتەوەیی.
– ساڵانە کۆنفرانس لەسەر پرسەکانی میدیا و کاری ڕۆژنامەوانیی ساز بکرێت.
– ڕێگریی لەو پرۆژانە بکرێت، کە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و ئاستنەگکردنی کاری ڕۆژنامەوانیی دەبرێنە پەرلەمانەوە.
– خۆ دوورخستنەوە لەو وتارانەی، کە جیاوازیی نەتەوەیی قوڵ دەکەنەوە.
– لێدان لە ژن و سووکایەتییپێکردنیان لە میدیاوە هێڵی سوور بێت و بایەخ بە پرسەکانی ژنان بدرێت.
بڕیارە ئەو پێشنیارانە جارێکی دیکە لەلایەن بەشداربوانی کۆنفرانسەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفرانس، بڵاوبکرێتەوە.
ش.ف