پێنجشەممە, 14 يون 2018 – 09:03 ڕۆژنیوز – خانەقین و کەرکوک
شەوی ڕابردوو، کاتژمێر ٩:٠٠ لەناو ئۆتۆمبێلێکی نەناسراو نارنجۆکێک بۆ هەمەرێکی سەربازیی هەڵدرا لەبەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی، کە ئێستا ئەو بارەگایە هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی تێدا جێگرە، بەهۆی نارنجۆکەکەوە دوو کەس لە هێزەکانی دژە تیرۆر بریندار بوون.
پاشان هێزەکانی دژە تیرۆر بەرپەرچیان دایەوە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە بارەگاکەوە بۆ دەوروبەر تەقەیان کردووە، بەهۆیەوە ژنێکی کورد بە ناوی( حەلاو نەسرەدین) تەمەنی ٦٥ ساڵان کوژرا و سێ کەسی مەدەنی دیکەش بریندار بوون.
لەبارەی ئەو ڕووداوەی کەرکوکەوە عەقید نەوزاد ستار، بەڕێوبەری بنکەی پۆلیسی ڕەحیماوا بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”ئەو ئۆتۆمبێلەی کە نارنجۆکەکەی بۆ هێزە ئەمنیەکان هەڵداوە، بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە”.
لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر له 16 روداوی جیاوازی وەک تەقینەوە و هێرشی چەکداریی له سنووری کهرکوک تۆمارکراون.
هەر لە هەمان شەودا و کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک لە گوندی محەمەد شیربەگ سەر بە شارۆچکەی خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە بۆمبێکی چێندراو تەقیوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە شەوی ١٢ی ئەم مانگەش، لە گوندی حسێن مەمە-ی سەر بە شارۆچکەی خانەقین لە پارێزگای دیالە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا ژنێک و هاوسەرەکەی، کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کوژران.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی خانەقین بە ڕۆژنیوزی وت:چەتەکانی داعش ئەوکارەدەکەن.
گوندی محەمەد شیربەگ گوندێکی کوردنشینە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شارۆچکەی خانەقین.
ش.ف