لەشاری کەرکوک هەردوو ڕێکخراوی ئەمەلی عێراقی و ئای ئاڕ سی، هەستان بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی گفتووگۆیی لەژێر ناونیشانی با پێکەوە دەستبەجێ توندووتیژی دژی ژنان ڕاگرین، ئەوەش لە میانەی چالاکیەکانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدرا.
لە کۆنگرەکەدا ژمارەیکی زۆر لە چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان و نوێنەری فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک و توێژەران ئامادەبوون و بەچڕی گفتوگۆ لەبارەی هەوڵدان بۆ نەهێشتنی توندووتیژی دژی ژنان کرا .
لەوبارەیەوە سرود ئەحمەد، چالاکوان و سەرۆکی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی ئەمەلی عێراقی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند : زیاتر باسمان لە جۆری توندوتیژیەکان کرد و هەروەها لە بەشداربوونی ژنان لەسەر هەموو ئاستەکان و ئەو دەرفەتانە چین، کە دەڕەخسێت بۆ ژنان لەماوەی داهاتوودا تا کارى تێدا بکەن لە ناوچەکەماندا.

سرود لەبارەی تەوەرەکانی تری کۆنگرەکەوە وتی: گوێمان لە چەند چیرۆکێکی ژنە چالاکوانەکان بوو، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوان کەسێک بوون کەچی ئێستا بوونەتە چیرۆکی سەرکەوتن.
سرود باسی لەوە کرد، چالاکیەکانیان بەردەوامی دەبێت و وتی: لە بەردەوامی ئەم چالاکیانەدا دوو ڕۆژی داهاتوو لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ چالاکیمان دەبێت و ڕۆژی ٩ی دیسەمبەر چالاکیەکمان هەیەکە زیاتر باس لە کچانی خوار ١٨ ساڵ دەکات و کێشەکانیان لەمافی خوێندن و هەروەها بەزۆر بەشوودانیان بە منداڵی و کەیسەکان دەخەینە ڕوو و هەر ڕۆژێک باس لە بابەتێک دەکەین و تیشک دەخەینە سەری .
نیشتیمان فەتاح، چالاکوانێکی تری بەشدار بووی کۆنگرەکە بوو لەبارەی ڕۆڵی کۆنگرەی لەو جۆرانە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان وتی: لە ڕاستیدا ئەم چالاکیانە و چالاکیەکانی تری هاشێوە بەدڵنیایەوە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چونکە بەلایەنی کەمەوە تیشک دەخاتە سەر دیاردەی وندوتیژی دژی ژنان . لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتەکانی هۆشیار کردنەوە و کۆنگڕەکان و چالاکیە مرۆییەکان لەناو و دەرەوەی شاردا بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت.

هاوکات، لە کۆنگرەکەدا نوێنەری فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک ئامادەبوو لەوبارەوە، فاتیمە وەحید، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک بە ڕۆژنیوزی وت: لەم بۆنەیەدا و لەم ڕۆژەدا، ئێمە سەرکۆنەکردنی ئافرەتان قەدەغە دەکەین و ئافرەت مافی تەواوی هەیە، ئەوەش چ لە بوارەکانی کارکردندا بێت یاخود پێدانی ئازادی تەواوی ڕادەربڕین و ڕێگە بە توندوتیژی نادەین دژی ژنان .

وتیشى، ئێمە وەکو پۆلیس، جگە لەوەی ڕێگە بە توندوتیژی ناداین، پێشوازی لەهەموو سکاڵایەکیش دەکەین . ئەگەر ژنێکیش نەیتوانی لە بنکەکانی پۆلیس ئامادەبێت دەتوانێت پەیوەندی بکات بە ژمارە ١١٣ وە و ئێمە تەواوی زانیارییەکان وەردەگرین بەنهێنی و کارەکانی بۆ جێبەجێ دەکەین . جگە لەوانەش چەندین بەشی ترمان هەیە وەکو بەشی منداڵان کە دەتوانن زانیارییەکان وەربگرن و لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکانی وندوتیژی بکەن .
جێگەى ئاماژەیە، بە پێی ئەو ئامارانەی دەست ڕۆژنیوز کەوتووە لە ئەمساڵدا زیاتر هەزار و ٤٠٠ حاڵەتی سکاڵای توندوتیژی بەگشتی تۆمار کراون.
ئ.م