لە کەرکوک یادی ٤ شەڕڤانی شەهید کرایەوە

لە شاری کەرکوک لە مەراسیمێکی شکۆداردا، یادی چوار شەڕڤانی خەڵکی کەرکوک کرایەوە، کە لە ڕۆژائوا کوردستان شەهیدبوون.


ئەمڕۆ لە هۆڵی لوبنان لە شاری كەركوك یادی چوار شەهیدی كەركوكی كرانەوە بە ناوەكانی( ئیبراهیم حەبیب، ڕۆشنا سەردار، محەمەد حسێن، محەمەد نەجات)، کە لە بەرخۆدانی گرێ سپی و سەرێکانی-دا لە ڕۆژئاوای كوردستان شەهیدبوون.

مەراسیمەکە بە ئامادەکاری کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان و بە بەشداریی كەسوكاری شەهیدان، نوێنەری بەڕێوبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان دەستی پێكرد، دواتر لەلایەن كەسوكاری شەهیدانەوە چەندین مۆم داگێرسێندران.

پاشان، چنور محەمەد، لەسەر ناوی كۆمیتەی شەهیدانی پەكەكە لە باشور، وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گەنجانی کەرکوک لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی فاشیستی تورک و لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستان، گیانی خۆیان بەخشی.

دواتر، خەلیل ڕەحیم، وتاری بەڕێوبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی پێشکەش کرد و وتی::سەدان ساڵە دووژمنانی گەلەكەمان هەوڵی سڕینەوەمان دەدەن، بەڵام ڕۆڵەکانمان بۆ بەرگرییكردن لە خاك و لەپێناو ئازادیی گەلەکەمان، چەکی شەڕڤانیان لەشان كردووە و گیانی خۆیان دەبەخشن، ئێمەش پەیمان دەدەین درێژە پێدەری ڕێبازی شەهیدان بین".

هەر لەو مەراسیمەدا، وتاری هەریەک لە حزبی شوعی كوردستان و بزوتنەوەی دیموكراتی كوردستان پێشەكەش كران.

لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان-یش، نەوزاد بەکر، قسەی كرد و وتی:"ئەمڕۆ لە مەراسیمی چوار شۆڕشێگڕی كوردستانین، ئەم چوار هەڵۆیە كە لەشاری كەركوك تێکۆشانیان هەڵبژارد، لەپێناو ئاشتی و ئازادیی گەلەکەمان و لە بەرامبەر ئەو دۆخەدابوو، كە بەسەر كوردستاندا هات، هەر بۆیە وەک سمبولی ئازادیی وێنایان دەکەین و درێژە بە تێکۆشانیان دەدەین".

پاشان وتاری ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان، لەلایەن نەجیبە عومەرەوە پێشكەش کرا و وتی:"بە بیرهێنانەوەی چوار قارەمان لە شاری كەركوك بۆ ئێمە كەرامەتێكی گەوەرەیە، دەبێت خاوەنی شەهیدان بزانن، كە منداڵەكانیان بۆ پارچەیەكی كوردستان شەهید نەبوون، بەڵكو شەهیدی تەواوی كوردستانن، ئێمە بە هیچ شێوەیەك غەمگین نین، بەڵكو ئەوان زۆرترین بەهای نەتەوەیی و ئازادییان بۆ ئێمە خوڵقاند".

وتیشی:"شەهیدان تەنها سنوورە دەستكردەكانی كوردستانیان تێك نەكشاند، بەڵكو ئەوەیان بۆ كوردستان سەلماند، كە گەلی كورد بەرامبەر بە گەوەرترین تەكنیكی جیهان بەرخۆدانیان كرد، ئێمە بەرامبەر تەواوی جیهان و داگیركاریی دەجەنگین، ئەم قارمانانە بە گەلی كوردیان وت، كە ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری تەواوی كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".

هەروەها، قەمەر مەحمود، پوری شەهید ڕۆشنا سەردار'زەریا جودی'، وتارێکی پێشکەش کرد و بە ئامادەبوانی وت، کە چەندە سەربەرزن بە شەهیدبوونی کچەکەیان و وتی:"ئێمە ڕۆڵەیەكمان بەخشی بە ڕێگای ئازادیی كوردستان، بۆیە پێی سەربەرزین".

لە بەردەوامیی مەراسیمەکەدا، حەبیب سوڵتان، مامی شەهید ئیبراهیم وتاری بنەماڵەکەیانی پێشکەش کرد و وتی:"كەركوك بۆ ئازادیی كوردستان چەندین شەهیدی بەخشیوە، ئێمەش سەربەزین كە شەهیدەکانمان تەنها هی ئێمە نین، بەڵكو شەهیدی تەواوی كوردستان و مرۆڤایەتییە".

دواتر، نەجات ئیبراهیم، باوکی شەهید محەمەد، لە وتارێکدا وتی:"لە كەركوك بۆ سەرێكانی لە سەرێكانییەوە بۆ ئامەد، ئەم شەهیدانەی ئێمە سنوورە دەسكردەكانیان تێكشاند، بۆیە شەهیدان ئێمە شەهیدی گەلی كوردن".

دواین وتار لەلایەن مەدحەت شكور، لەسەر ناوی كەسوكاری شەهید محەمەد حسێن-ناڤدار كەركوكی پێشکەش کرا و وتی:"سەربەزین بە شەهید بوونیان و دریێژە پێدەری ڕێبازەكەیان دەبین".

هەر لە مەراسیمەکەدا، بەڵگە فلیمێك لەسەر ژیانی شەهیدان نمایشكرا.

لەكۆتایدا لەلایەن كۆمیتەی شەهیدانەوە بڕوانامەی ڕیزلێانی شەهیدان بەخشرایە كەسوكاری شەهیدان.

ش.ف