لە گوندی شێخ سلە سەربە سەلاسی باوجانی لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ١٢٠ هاوڵاتی ژەهراویبوون کە ٢٤ـیان منداڵن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی گوندی شێخ سلە، بە نیشانەکانی ڕشانەوە و سکچوون، سەردانی نەخۆشخانەکان و ناوەندە پزیشکییەکانی سەلاسی باوەجانی-یان کرد.
جێگری تەندروستیی زانکۆی پزیشکی پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاند: بە ئەگەری زۆر ئەم کەسانە بەهۆی خواردنەوەی ئاو ژەهراویبوون.
قائیمقامی سەلاسی باوەجانی بە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانی وتووە: ١٢٠ کەس لە دانیشتووانی گوندی شێخ سلە، ژەهراویبوون، کە لەم ژمارەیە ٨٩ کەسیان چارەسەرییان بۆ کراوە و ١١ کەسیشیان لەژێر چاودێری پزیشکیدان، زیاتر لە ٢٠ کەسیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی کرماشان کراون.
لە لایەکی دیکەوە، فەریبا وەیسی، بەڕیوبەریی نەخۆشخانەی تایبەتی منداڵانی ‘د. محەمەد کرماشانی’ ڕایگەیاند: ٢٤ منداڵی ژەهراویبووی گوندی شێخ سلە کاتژمێر ٠٥:٢٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکە و خەوێندراون و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
لەسەر هۆکاری ژەهراویبوونی ئەو هاوڵاتیی و منداڵانە، د. وەیسی ڕایگەیاند: هەموو منداڵەکان ڕشانەوە و سکچوونیان هەیە، بەڵام تا وەڵامی پشکنینەکان وەرنەگرین هۆکاری سەرەکیی ژەهراویبوونەکەیان ڕوون نابێتەوە.
ب.ک