لە گۆڕەپانێکی هاتووچۆی سلێمانی کارمەندێک بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا

لە گۆڕەپانی بەستنی تابلۆی ئۆتۆمبیل، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، کارمەندێک لەکاتی کارکردندا بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.


لە بارەی ڕووداوەکەوە کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەداخەوە کەمێک پێش ئێستا یەکێک لە کارمەندانی کۆمپانیای ژاڵەی دەربەند تایبەت بە بەستنی تابلۆی ئوتومبیل بەناوی محەمەد عوسمان، لەکاتی دەوامی فەرمی خۆیدا بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە لە گەراجی تابلۆبەستن گیانی لەدەستدا".

ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە "ڕووداوەکە بە هۆی ئوتومبیلێکی کرێ (پاص) جۆری مارسیدس ڕوویدا کە خۆی بە کارمەندەکەدا کێشاوە، ئەوەش لەکاتێکدا کارمەندەکە سەرقاڵی بەستنی تابلۆ بووە بۆ ئوتومبیلێکی بارهەڵگر و دوای چەند خولەکێک بەهۆی بەهێزی بەرکەوتنەکەوە گیانی لەدەستداوە.

ک.س