بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینە چڕەی ناوچەكەی گرتووەتەوە، ١٥ كەس لە سنووری گەرمیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی كەلار كران.
لە بەیانی ئەمڕۆوە، شەپۆلێكی چڕی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆی چڕی خۆڵبارینەكەوە، مەودای بینین كەمبووەتەوە.
لە سنووری ئیداری گەرمیان، بەهۆی چڕیی خۆڵبارینەكەوە ١٥ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون، لەو ژمارەیە پێنج كەسیان بەهۆی كاریگەری خۆڵبارینەكەوە ئۆكسجینیان بۆ دانراوە.
ماوەی مانگێكە، چەند شەپۆلێكی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بە وتەی شارەزایانی كەشوهەوا، كەمی بارانبارین و كەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی هۆكاری زۆری ڕێژەی خۆڵبارینن لە عێراق.
س.س