لە گەرمیان شۆڕشی ژیانەوە پیرۆزکرا.. بە وێنە

لە سەیرانگای خۆرنەوەزانی سەر بە شارۆچکەی کفری لە گەرمیان، ئاهەنگێک بۆ یادی ۳٤ مین ساڵیادی ۱٥ی ئاب، دەستپێکردنی شۆڕشی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە بەڕێوەچوو.


دوێنێ ئێوارە، لە سەیرانگای خۆرنەوەزانی سەر بە شارۆچکەی کفری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بە دەستپێشخەری گەل، ئاهەنگێکی جەماوەریی بە بەشداری چەند گرووپێکی میوزیک و گۆرانی، بۆ ۳٤مین ساڵیادی ۱٥ی ئاب ئەنجامدرا.

لە سەرەتادا عەلی گەرمیانی، ئەندامی دەستەی ئامادەکاری ئاهەنگەکە وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: "ئەو هەڤاڵانەی هەستان بە ئەنجامدانی چالاکی ۱٥ی ئابی ١٩٨٤، ژمارەیان ۲۲ کەس بوو، چەکی کەم و سەرەتاییان هەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی ئامانجەکەیان مەزن بوو، چالاکییەکەیان ئەنجامگیر بوو، ئێستا ئەو ۲۲ کەسە بوون بە ملیۆنان کەس".

ئەوەشی وت: "لەو قۆناغەدا کە دەوڵەتی تورک کوردبوونی کردبوو بە عەیبە و شەرم، بەڵام لەدوای هەنگاوی ١٥ی ئاب، کوردبوون بوو بە شانازیی، لەمەبەدواش بۆ مانەوە و پاراستنی کوردستان لە داگیرکەران پێویستە گەلی کورد، دەست لە ئەخلاقی شۆڕشگێڕیی و سەرهەڵدانی ۱٥ی ئاب و پەکەکە بەرنەدات، چونکە دەرمان و چارەسەری سەرەکییە بۆ سەرجەم کێشە و نەخۆشییەکانی نەتەوە و کۆمەڵگاکەمان".

دواتر لەلایەن هەریەک لە گرووپەکانی (چاند و هونەری ئاوازی ئارانی گەرمیان، گرووپی میوزیکی میزۆپۆتامیای کەرکوک، ناوەندی ڕێکخراوی چاند و هونەری نوێگەری سلێمانی) چەند پارچە میوزیک و سروود و گۆرانییەکی شۆڕشگێڕیی بۆ ۱٥ی ئاب و گەریلا و کوردستان پێشکەشکرا.

دواتر ئاهەنگەکە بە پێشکەشکردنی چەند گۆرانییەکی میللی و بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.

١٥ی ئابی ١٩٨٤ یاخود ١٥ی تەباخ، ڕۆژی دەستپێکردنی خەباتی چەکداری پەکەکەیە لە باکوری کوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین ساڵ بوو لەو پارچەیەی کوردستان کورد سەرکوت کرابوو و دەوڵەت دەیوت شتێک نەماوە بە ناوی کورد، بەڵام ١٥ی ئاب کوردی سەرلەنوێ زیندوو کردەوە، هەر بۆیە کوردەکان بەم ڕۆژە دەڵێن ڕۆژی ژیانەوە، یاخود شۆڕشی ژیانەوە.

ک.ک/ب