لەسنوری شارۆچکەی کەلار، خۆپیشاندانی خوێندکاران زانکۆ بەردەوامەو داوای گەڕانەوەی شکۆی زانکۆ و خوێندکار دەکەن و داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن
ئەمڕۆ لەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، بەردەوامیان بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانیاندا و بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و ڕاگەیەنراوێکیان خوێندەوە.
بیلال محەمەد لەسەر ناوی خوێندکاران، بۆ رۆژنیوز وتی: بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان،لە دوای بیست ڕۆژ لە خۆپیشاندان و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار نەهاتوە بەدەم داواکاری خوێندکارانی ناڕازییەوە لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
وتیشی: سەرەڕای جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان بەشێوازێکی زۆر ناشرین و دوور لە هەموو یاسا و ڕێساکان مامەڵە لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ و حەڕەمی زانکۆکانی هەرێم کراوە لە لێدان و گرتن و ئەشکەنجەدانی خوێندکاران بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ و هەڕەشەکردن لێیان، وە بەسەربازگە کردنی بەشێک لە زانکۆکانی هەرێم تەنها لەبەرامبەر ناڕەزایەتی و داواکردنی مافێکی سەرەتایی خوێندکاران کە لێیان زەوتکراوە.
نوێنەری خوێندکاران ئاماژەی بەوەشدا، بەداخەوە لەنوێترین فشار و هەڕەشەلێکردن لە زانکۆی سلێمانیەوە ئەمشەو بە بەشە جیاوازەکان ڕاگەیەنراوە ئەگەر لە ئەمڕۆوە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان نەهێنرێ ئەم ڕێکارانەیان بەرامبەر ئەگیرێتە بەر، کە بریتیە لە:
ـ غیابدانی خوێندکاران و دووبارەنەکردنەوەی محازەر و تاقیکردنەوەکان پێیان .
ـ گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خوێندکارە ئامادەنەبووەکان
ـ لە ئەگەری ئامادەنەبوون و بایکۆتکردنی قۆناغەکە بە گشتی ئەوا ئەو ساڵەیان بۆ حساب ناکرێت و دەخرێتە ساڵێکی تر بۆیان.
هاوکات لیژنەیەکی جڵەوگیری وەک سەردەمی بەعس پێکهێنراوە بۆ ئیجرائات کردن لەگەڵ ئەو خوێندکارانەی لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکانن و ڕابەرایەتی خۆپیشاندان ئەکەن
هەروەها ناوبراو، روونیکردەوە، لێرەوە دەپرسین ئەمەبوو پاڵپشتی و ئازادی خوێندکاران؟ ئەمە بوو ئازادی داواکردنی ماف و ئازادی ڕادەربڕین؟؟ئەمەبوو ڕێزگرتن لە خوێندکار و باڵاترین ناوەندی خوێندن؟؟
بیلال محەمەد تیشکی خستە سەر ئەوەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران بە هۆکاری سەرەکی وەستانی دەوام و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەزانین و داواکارین بەزووترین کات داواکاری خوێندکاران جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن.
هـ. ح