ماجد خەلیل: ئامانجی هێرشی ١٩٩٧ داگیرکردنی باشوری کوردستان بوو

ماجد خەلیل، سەرۆکی بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، سەبارەت بە ئامانجەکانی دەوڵەتی داگیرکاری تورک لە ئۆپەراسیۆنی (چەکوش)دا دەڵیت: ئامانجی سەرەکییان گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ بوو بۆ سەر تورکیا، واتا داگیرکردنی باشوری کوردستان، ئامانجێکی تر ئەوەبوو کە لەو ساڵەدا پارتی و یەکێتی هەنگاویان بەرەوە ئاشتەواویی دەنا، تورکیا دەیویست لەم ڕێگەیەوە هەستی نەتەوەیی بە ئاراستەیەکی دیکەی جەنگی ناوخۆییدا بەرن و زیانێکی ئابوری لە باشوری کوردستان بدەن.


دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەساڵی ١٩٨٣وە هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان، هەوڵدەدات بە بیانووی بوونی هێزی پەکەکە باشوری کوردستان داگیربکات، بۆ ئەوەی دەستی بە سنووری ئەو میساقە میللە بگات، کە خۆیان دیارییان کردووە، گەورەترین هێرش-یشی لە ١٤ی "مانگی پێنج" ئایاری ١٩٩٧ ئەنجامدا، کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز و هەزاران پێشمەرگەی پارتی تێیدا بەشداربوون، دەوڵەتی تورک کە ناوی ئۆپراسیۆنی (چەکوش)ی لە هێرشە داگیرکەرییەکی نابوو، پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد، کە ئامانجی لەناوبردنی بڕیارگەی ناوەندی پەکەکە یە لە زاپ.

لە ٢٣ یەمین ساڵیادی ئەو هێرشەدا ڕووداوەکانی زینی ئەستێرۆکان (زینی وەرتێ) پیلان و هێرشە داگیرکارییەکانی جارێکی دیکە خستەوە ڕۆژەڤ، چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، کە کۆکردنەوەی هێز لە زینی ئەستێرۆکان بەردەوامی پیلانگێڕیی ساڵی ١٩٩٧ی دەوڵەتی تورکە، لەم بارەیەوە، د. ماجد خەلیل سەرۆکی بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، لەمیانی لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

د. ماجد خەلیل سەبارەت بە مێژووی داگیرکارییەکانی تورکیا لەسەر باشوری کوردستان وتی: لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، دەسەڵاتدارێتی چوار سەدە حوکمی عوسمانی بەسەر ویلایەتی موسڵەوە کۆتایی پێهات، لەسەردەمی حوکمی موستەفا کەمال ئەتاتورکدا، لە دوای ڕێککەوتنی لۆزانی ساڵی ١٩٢٦، تورکیا بە یەکجاری و بەشێوازێکی ناچاری دەستبەرداری شارەکانی ویلایەتی موسڵ دەبێت، هەر بۆیە ئەمە بەرنامەی تورکیایە کە جارێکیتر هەموو ئەو ناوچانە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، ئەم ئەجێندایە بەردەوام لە خەیاڵدانی سیاسییەکانی تورکیادا زیندووە، لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تا ئەمڕۆش.

ئاماژەی بەوەشدا: هەموو دەرهاویشتەکانی ئەم سیاسەتە نەرێنییانەی تورکیا، وایکرد کە بەدرێژایی سەدەی بیستەم، هیچ دانپێدانانێک بە هەبوونی نەتەوەی کورددا نەبوو، لە کاتێکدا دونیا هەنگاوی مەزنی بەرەو دیموکراسی و ئازادی و مافی نەتەوەکان دەنا، بەڵام تورکیا خراپترین مامەڵەی کرد لەگەڵ ئەم دۆزە نەتەوەییەی باکور و باشوری کوردستاندا، هەروەها دوای لاوازبوونی دەسەڵاتدارێتی عێراق، زیاتر دەستکراوە بوو بۆ بەزاندنی سنوور، دەیان ئۆپەراسیۆنیشی ئەنجام داوە بۆ شکاندنی سنووری باشوری کوردستان.

 باسی لە ڕێککەوتنەکانی تورکیا و وڵاتانی داگیرکاری کورد کرد و وتی: بە ڕێککەوتنی فەرمی و بە دەستووری هەرێمیی، لەگەڵ وڵاتانی داگیرکاری کوردستاندا ڕێککەوتوون، هەموو ئەم سیاسەتە نەخوازراوانە وایکرد، کە جوڵانەوەیەکی مرۆڤدۆست و نەتەوەیی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێشەنگایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە'، دروستبێت، ساڵێک پێش دەستپێکردنی خەباتی چەکداری، کە پەکەکە بە ناچاری دەستیپێکرد، تورکیا یەکەمین ئۆپەراسیۆنی ڕێگەپێدراو بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا ئەنجام دەدەن لە ساڵی ١٩٨٣دا.

لە بەردەوامی قسەکانیدا وتیشی: ئەمە دەبێتە نیاز و نەریتێکی گەورە، لای تورکیا لە مامەڵەکردن لەگەڵ باشوری کوردستاندا، لەم شێوازە مامەڵەکردنەشدا کۆمەڵێک ئامانج لە بەرچاو دەگیرێت، کە تاکو ئەمڕۆش کۆتایی پێنەهاتوو، ئامانجی یەکەم ئەوەیە کوردانی باکور هیچ پاڵپشتییەکی ئەرێنی بۆ دروست نەبێت، کە بەشێوازێکی دیموکراتی و ئاشتیخوازانە دۆزەکەی خۆی بەرێتە پێشەوە، لە هەر هەنگاوێکی نزیکبوونەوەی باکوری کوردستان لە خواستە نەتەوەییەکانی، تورکیا باشوری کوردستان وەکو کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت.

سەبارەت ئۆپەراسیۆنە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا وتی: لە دوای ساڵی ١٩٩١ـەوە، تورکیا بە ئامانجی بندەستکردنەوەی جوڵانەوە ڕزگاریخوازەکەی کوردستان، نزیکی ٣٠ ئۆپەراسیۆنی گەورەی یەک لە دوای یەکی ئەنجامداوە، کە هیچکامیان نەبووە هەزاران سەرباز و سەدان جەنەراڵی تورک تییادا بەشدارنەبووبێت، بە ملیاران دۆلاری تیادا خەرجکردووە، جگە لە پاڵپشتی هەرێمی و نێودەوڵەتی و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکرا و پێشێلکردنی هەموو هەموو پرەنسیپێکی مرۆیی و بە هاوکاری هەندێک هێزی سیاسی باشوری کوردستان، بەڵام هیچکامیان نەیتوانیوە ئامانج و ئاکامێکی دروست بەرهەمبهێنێت بۆ تورکیا، کە ئەمەش کەڵەکەبوونی ڕەخنەکانی بۆ سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا زیادکردووە، کە بووە بە گرێیەکی دەروونی نەیانتوانیوە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن، ، بەڵام لە نهێنی و سحری ئەوە تێناگەن کە بۆچی ناتوانن سەرکەوتووبن لەو ئۆپەراسیۆنانەدا.

تیشکی خستەسەر ئۆپەراسیۆنی 'چەکوش' و وتی: بۆ نمونە ئۆپەراسیۆنی ساڵی ١٩٩٧ بۆسەر ناوچەی زاپ و خواکورک و ناوچەکانی بادینان، کە ئێستا ساڵیادییەتی و بە بێ ئاکامی مایەوە، کە تەواوی هیوا و ئومێدی تورکەکانی لەسەر هەڵچنرابوو، بە شێوازی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ ٢٠٠هەزار سەربازی تورکیا تییادا بەشداربوون، وە هەموو هێز و توانای جەنەراڵە سەربازییە بە ئەزموونەکانی تورکیا تییادا بەشداربوون، ئەوانەی ئامانجی سەرەتا و کۆتاییان لە ناتۆدا بۆ بارگاویکردنی باوەڕێک بوو کە بتوانن لەتمەی گەورە لە باکوری کوردستان بدەن، نەیانتوانی ئامانجەکانی خۆیان بپێکن، دەسەڵاتدارێتی عێراقیش لە پشتی ئەو هەماهەنگییانەوە بوو، بە ڕێککەوتنی ڕێگاپێدانی نێودەوڵەتیش کاریان بۆکردبوو.

سەبارەت بە هاوکاریی هێزە کوردییەکان بۆ تورکیا ئاماژەی بەوەدا: لەو کاتەدا پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق'یش، لە ڕێگاپێدان بە تورکیا بەشدرابوو، بۆ ئەوەی حساباتە جەنگە ناوخۆییەکەیان هەنگاوێك بۆ بچێتە پێش، کە ئەوکات لەگەڵ یەکێتیدا لە جەنگی ناوخۆبوون، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە بێ ئاکام و بێ ئەنجام بوو.

وتیشی: لەبەر ئەوەی ئەو کاتە خودی عەبدوڵا ئۆجالان سەرکردایەتی جەنگەکانی دەکرد و قدوەیەکی ئێجگار دیاربوو بۆ بەڕیوەچوونی جەنگەکان، وە سیاسەتێکی یەکجار زانستی و حەکیمانەی دەکرد، کە دەیتوانی لەسەر بنەمای تییۆرێکی زانستی هێزگەلێکی پەروەردەکرا و پەیامدار بهێنێتە پێشەوە، کە لە مێژووی تورکیا و کوردستاندا ئەمە دەگمەن بوو، کە هێزێک پێشەنگایەتی دۆزی کورد بکات کە خاوەن تییۆرییەکی سیاسی بێت و خاوەن ئیرادە و ئینتمایەکی پاراوبێت لە پێنا و مرۆڤایەتیدا، ئەمەش فەلسەفەیەکی تەواو جێگیرە و کۆدی سەرکەوتنە.

سەبارەت بە سەرەتای بەجێبوونی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان وتی: تورکیا بەشێوازی ڕێکخستن و بە میکانیزم و میتۆدێکی وردەوە هاتبووە باشوری کوردستان، بۆ نمونە لە ساڵی ١٩٩٢ لە پاش جەنگی ناوخۆی حزبە کوردییەکان، تورکیا کشایە ناو شارەکانی باشوری کوردستان و بەدرێژایی سنوورەکانی خۆی لەگەڵ باشوری کوردستان، هێزێکی بەناو ئاشتی پارێز بە پاساوی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا قوتکردەوە، بەناوی هێزی (پی ئێم ئێف) ئەو هێزە جێگیرن هەتاکو ئێستاش ماون.

تیشکی خستەسەر ڕێککەوتنێکی نێوان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بارزانی و وتی: بۆ جاری یەکەم عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٨١ لە دیمەشق لەگەڵ مەسعود بەرزانیدا دانیشتن، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە لە بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستان گەریلاکانی پەکەکە ئامادەییان هەبێت، ئەم هەماهەنگییە زیاتر لە ساڵێک درێژەی کێشا، بەڵام هەرزوو پارتی پاشگەزبوویەوە، چوونکە تورکیا بە گەلێک ئاراستە فشاری خستەسەری بۆ ئەوەی بتوانێت سنوورەکانی باشوری کوردستان ببەزێنت.

سەبارەت بە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک وتی: ئامانجی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنە و بەجێکردنی ئەو هیزەی لە باشوری کوردستان، کە بە ئاگاداری و پشتیوانی پارتی هاتنە پێشەوە، کۆمەڵێک ڕەهەندبوو، ئامانجی سەرەکییان بریتیبوو لە گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ، لێرەدا تەواو هاوڕای عەبدوڵا ئۆجالانم کە ئامانجە گەورەکەی ئەو ئۆپەراسیۆنە داگیرکردنی باشوری کوردستان بوو، ئامانجێکیتر ئەوەبوو کە لەو ساڵەدا پارتی و یەکێتی هەنگاویان بەرەوە ئاشتەواویی دەنا، تورکیا دەیویست لەم ڕێگەیەوە هەستی نەتەوەیی بە ئاراستەیەکی دیکەی جەنگی ناوخۆییدا بەرن و زیانێکی ئابوری لە باشوری کوردستان بدەن، کە لەلایەن پارتیشەوە ڕێگایان پێدراوە بێنە پێشەوە ئەوە ئامانجێکی لە بن نەهاتووشە لە سیاسەتی ئەواندا، داگیرکارییەک کۆتایی پێهاتووە، زنجیرەیەک داگیرکاریتر گرێدەدەنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا: تورکیا هیچکات ئەو بزوتنەوە نێونەتەوەییەی پەکەکەی پێ هەزم ناکرێت، کە لە دژی گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە خەبات دەکات، ئەو نەخشەیەی کە زیاد لە سەد ساڵە سایکس پیکۆ ئاوی بۆ ڕشتووە و هێزە دیکتاتۆرەکان پێی تێدەخەن، تورکیا لە ڕووی دیپلۆماسی و نەتەوەییەوە هیچکاتێک وەکو ئێستا گڵۆڵەی لە لێژیدا نەبووە، تورکیا لەسەر ناوی ئاشتی بۆ دەرەوە وەکو پرەنسیپێک بۆ کۆمارە نوێییەکەی خۆی گرتەوە، لەو سەروبەندەدا ویلایەتی موسڵی دۆڕاند لە ئێستادا لەو دۆڕانەدا خۆی دەبینێتەوە.

سەبارەت بە پەیوەندی ڕووداوەکانی (زینی ئەستێرۆکان) زینی وەرتێ بە داگیرکارییەکانی تورکیاوە وتی:  ڕووداوەکانی زینی وەرتێ گەمەیەکی پێشوەختەی تورکیایە، بۆ ئاراستەکردنی هێزە سیاسییە ناوخۆییەکانی تورکیایە، چونکە دەزانین ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکاندا ئیدی بەرەو خوارەوە دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەر جاریک پێش هەڵبژاردن تورکیا دۆسییەکی هەرێمی یان دەرەکی دەوروژێنێت، ئەم زەمینەیەش کە لە زینی وەرتێدا خولقاوە پەیوەندیدارە بە دەرچوونی ئاکەپە لەو ئیحراجییەی کە تێکەوتووە لەلایەن هێزە نەتەوەیی و دەسەڵاتدارێتی سەربازی و ئەو دەنگانەی کە باس لە غرور و هەیمەنە و هەژمونی تورکیا دەکەن.

سەرۆکی بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی وەها بەردوامیی بە قسەکانی دا: بەشێکی دیکەشی پەیوەستە بە لاوازی پرۆسەی سیاسی عێراق و لاوازی و ساردی و لێک دورکەوتنەوەی پارتی و یەکێتی، هەروەها تورکیا ئاگادارە کە هەنگاونانی پرۆسە سیاسی و ڕێکخستنی و سەربازی و پەروەردەیی و ئەقڵییەتە نوێیەکەی قەندیل زۆر بەرەو پێشەوە چووە، ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر بێتوو ئاڵۆزییەکی دیکە دروستنەکەن، ناتوانن بەربەرەکانێیی ئەم مۆدێلە نوێیەی خەباتکردنی پەکەکە بکەن کە دەستی بۆی بردووە لە باشوری کوردستان.

سەبارەت بە چۆنییەتی کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکان وتی: لە ڕۆژئاوای کوردستان بینیمان کە ئەو هێزانەی بە پارتی هۆتێلەکانی ئەوروپا ناودەبرێن، بە نزیکەی ٦٠ ساڵ نەیانتوانی پرۆسەکە یەک هەنگاو بەرنە پێشەوە، بەڵام بینیمان کچ و کوڕە گەنجەکانی کورد چۆن شۆکیان نیشانی دونیادا و ئازادییان وەکو ڕۆژی ڕووناک نیشانی دونیادا، توانییان ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە و کۆمەڵێک هێزی دەستپاک و خاوێن بهێننە پێشەوە، ئەم جۆرە گۆڕانکارییە مۆدێلێکە دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ باشوری کوردستان، لە ئێستاشدا ئاسۆیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، کە خەڵک دروشمی قەبەی نەتەوەپەرستی و ئاینداری و جیهادی هێزە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەداتە دواوە و کۆمەڵێکی خاکی و خەباتکاریان دەوێت بێنە پێشەوە.

س.ح