مامۆستایانی زانكۆی هەڵەبجە بەهۆى پێنەدان و دواخستنى مووچەکانیانەوە بەردەوامن لە دەبڕینى ناڕەزایەتیی و ئەمڕۆش دەرگای سەرەكیی زانكۆکەیان داخست، وەک خۆیان دەڵێن: تا ئەوكاتەی بەڵێنی تەواومان پێدەدەرێت، کە مانگانە مووچەکانمان لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا وەرگرین، بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتیی دەربڕین.
بەیانى ئەمڕۆ مامۆستایانی زانكۆی هەڵەبجە، لەبەردەم بیناى سەرۆكایەتیی زانكۆكەیان گردبوونەوە و دەرگای سەرەكی سەرۆكایەتیی زانكۆیان داخست.
ڤیان جەمال، مامۆستا لە بەشی فیزیای زانكۆی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزى وت: ئەو ناكۆكییەى كەوتووەتە نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە فەرمانبەران لێی زەرەرمەند بوون و لەئێستاشدا مووچەخۆران ژیانێكی سەخت بەڕێدەكەن.

ئەو مامۆستای زانكۆ باسی لەوەشکرد: تا لەلایەن حكومەتەوە بەڵێنمان پێدەدەرێت، کە مووچەکانمان لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا وەردەگرین، بەردەوام دەبین لە دەربڕینى ناڕەزایەتى و ئەگەریش سەرجەم فەرمانبەران مانگرتن ڕابگەیەنن، ئەوا حكومەت هەڵدەوشێتەوە.
جەمال حەمە كەریم، مامۆستایەکى دیکەى زانکۆى هەڵەبجەیە و ئاماژەى بەوەکرد: پاش ئەوەى چەندین جار گردبووینەوە و چووینە بەردەم بانکەکان، مووچەی مانگی ئازارمان وەرگرت، بەڵام بە مەبەستى ئەوەى ئەو یاریكردنە بە مووچەی مووچەخۆران كۆتایی بێت، بەردەوامین لە گردبوونەوە تا چارەسەرى گرفتەکەمان دەکرێت.

ئەو مامۆستایە وتیشى: لەکاتێکدا لە هەموو وڵاتێکدا زانکۆ هۆکارێکە بۆ بەرەوپێشەوە بردنى کۆمەڵگا، بەڵام ئێمە لێرە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین و دێینە سەر شەقام بە مەبەستى داواكردنی مووچەكانمان.
چەند مانگێکە بەبیانوى نەبوونى پارە لە بانکەکانى سنوورى سلێمانى مووچەى بەشێک لە فەرمانبەران دوا دەکەوێت و ئەوەش وایکردووە، لە بەشێک لە ناوچە جیاوازەکان خۆپیشاندان و گردبوونەوە لەلایەن مووچەخۆرانەوە بەڕێوەبچێت.
ئ.م