مامۆستایانی سلێمانی دژی خانەنیشینی پلە باڵاکان گردبوونەوە

بەشێک لە مامۆستایانی سلێمانی لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە، لە یاداشتێکیشدا کە ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمیان کرد، داوای نەهێشتنی خانەنیشینی پلە باڵاکانیان کرد و هۆشداریاندا کە ئەگەر داواکانیان جێبەجێ نەکرێت ئەوا "ناڕەزایەتی سەرتاسەری دەستپێدەکەین".


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی شاری سلێمانی لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجامدا، لە ڕێگەی یاداشتێکەوە چەند داواکاریەکییان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد.

یاداشتەکەی مامۆستایان لەلایەن دڵشاد بابانی خوێندرایەوە، تێیدا هاتبوو، کە "دەبێت دەسەڵات لە بەرژەوەندی خەڵکدا کاربکات، ئەم گردبوونەوەیەش زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئەوەی داواکاری مامۆستایان و هاوڵاتیان جێبەجێبکرێت، ئەگەر دەسەڵات نەچێت بەدەم داواکاریەکانیانەوە ئەوا ناڕەزایەتی سەرتاسەری دەستپێدەکەین".

لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا مامۆستایان داوای گەڕاندنەوەی پلە باڵاکانیان کرد بۆ سەر کارەکانیان دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان، هەروەها داوادەکەن کە هەژمارێکی بانکی بۆ فەرمانبەران بکرێتەوە کە بتوانن بەکاریبهێنن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لای حکومەت.

دەقی داواکارییەکانی مامۆستایان لە یاداشتەکەدا:

١- هەموارکردنەوەی یاسای مووچە بەتایبەت پلەباڵاکان، بە مەبەستی بەدیهیێنانی دادپەروەری و نەهێشتنی چینایەتی تا لە کاتی خانەنیشینبووندا، زۆرترین مووچە لە سێ ملیۆن تێپەڕنەکات و کەمترین مووچەش لە ٥٠٠ هەزار کەمتر نەبێت.

٢- هەڵوەشاندنەوەی خانەنیشینی نایاسایی و پلەباڵاکان دانانی پێوەری گونجاو بۆ خانەنیشینی وەک مەرجی بڕوانامە و تەمەن و خزمەت، وە گەڕانەوەی پلەباڵاکان پاش تەواوبوونی ئەرکەکانیان بۆ سەر پیشەکانی پێشوویان ئەگەر فەرمانبەری دەوڵەت بوون.

٣- دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە و گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە و کردنەوەی هەژماری بانکییەک کە فەرمانبەران بتوانن بەکاریبهێنن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لای حکومەت وە دانانی کاتی جێگیر بۆ دانانی مووچە و کۆتایی بهیندرێت بە هەواڵی بەپەلەی مووچە.

٤- پاککردنەوەی لیستی مووچە لە ناوە وەهمی و دووبارە و دوو مووچە و زیاتر و ڕێکخستنەوەی میلاکات و سیستمی بەڕێوەبردن لە وڵاتدا و نەهێشتنی ڕۆتین.

٥- بایەخدانی زیاتر بە سیستمی دروستی پەروەردە و تەندروستی و پشتبەستن بە گرنگیدان بە بەرهەمی خۆماڵی و بنیاتنانی کارگە و ڕەخساندنی هەلی کار و وەگەڕخستنی دەستی کاری ناوخۆی لە پێناو بیناکردنی پایەکانی دەوڵەتبوون.

٦- دامەزراندنی دەرچووانی دانەمەزراو لە هەموو چین و توێژەکان بەگوێرەی پێویست بە ڕەچاوکردنی پێوەری دروست و دادپەروەرانە.

ک.س