یەكشەممە, 17 ماي 2020 – 13:59 ڕۆژنیوز – كەركوك
ئەمڕۆ لە باخچەی قەڵای شاری كەركوك دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی و مامۆستایانی داكۆكیكار لە بەرامبەر وەرنەگرتن و پێنەدانی مووچەكەكانیان گردبوونەوە.
مامۆستایان بە دروشمی “بڕۆن ئێوەمان ناوێت” دەستیان بە گردبوونەوەكە كرد، دواتر جومعە محەمەد، بە ناوی مامۆستایانەوە بەیانامەیەكی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: “دوای ٢٩ساڵ لە حكومڕانی خۆماڵی تازە بە تازە دەیانەوێت بە ناوی كوردایەتیەوە قوت و نانی منداڵەكانمان ببڕن و مەرگی ئازیزانمان بە چاوی خۆمان ببیین، هەر بۆیە لێرەوە لە كەركوكی چەندجار فراشراوەوە دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بەرز دەكەینەوە، دەسەڵاتداریی هەرێم ئاگادار دەكەینەوە كە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لە ئەستۆی ئێوەیە، وە پێویستە بە ئەمانەتەوە بڕۆنە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتەوە و ئەم میللەتە لەم قەیران و نەهامتیە ڕزگار بكەن”.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: پاڵپشتی خۆمان بۆ هەموو ئەو دڵسۆزانەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان ڕادەگەیەنین كە بۆ ناڕەزایەتی دێنە سەر شەقام، وە داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەكەین كە نابێت بە هیچ شێوەیەك دژ بە ڕێپوان و خۆپیشاندان بوەستنەوە، وەك ئەوەی لە دهۆك ڕوویدا كە زۆر ناشارستانی و دوور لە هەموو مافەكانی مرۆڤ بەرامبەر بە مامۆستایان وەستانەوە”.
لە کۆتایشدا مامۆستایان داواكاریەكانیان لە چەند خاڵێکدا خستەڕوو:
– دابینكردنی مووچەكانمان مانگانە لە كاتی خۆیدا
– گواستنەوەی ڕاژای مامۆستایان و فەرمانبەرانی كورد بۆسەر حكومەتی عێراق
– تەرخانكردنی بڕێك لە پارەی پترۆ دۆلار بۆ مامۆستایانی خوێندی كوردی
– بڕینی ئەو بەشە بوجەیەی مامۆستایان لە كۆی ئەو بوجەی بۆ هەرێم دەنێردێت و لە كەركوك دابەش بكرێت.
ک.س