دووشەممە, 2 أبر 2018 – 19:12
ڕۆژنیوز – سلێمانی
مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی، جەختیان لە بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکانیان کردەوە و ڕایانگەیاند: دەست لە خەباتی مەدەنیی هەڵناگرین.
کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئەمشەو، لیژنەی بەڕێوەبردنی خێوەتگەی ناڕەزایی شاری سلێمانی، لەسەر هەڵگرتنی خێوەتگەی ناڕەزایی لە سلێمانی و بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکانیان و داواکارییەکانیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە خێوەتگەکە لەبەردەم دادگای سلێمانی ئەنجامدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، دانەر محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی، بەیاننامەی لیژنەی بەڕێوەبردنی خێوەتگەی ناڕەزایی سلێمانی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: خەباتی مەدەنی هەنگاویکی زۆری بڕێوە و دیواری ترس و فشاری ڕووخاند.
ئەوەش هاتبوو: دەست لە خەباتی مەدەنیی هەڵناگرین و بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتییەکانمان.
هەر لە بەیاننامەکەی لیژنەی بەڕێوەبردنی خێوەتگەی ناڕەزایی سلێمانی-دا، پشتیوانیی بۆ بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران دووپاتکرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، هاتبوو: پێویستە ڕۆژی دابەشکردنی مووچە دیاریبکرێت، بەشێوەیەک لە ٣٠ ڕۆژ تێپەڕ نەکات.
جەختیشیکرابووەوە: پێویستە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار بۆ دانانی میکانیزمێک بکەن، بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران.
هەروەها، هاتبوو: پێویستە حکومەت پێداچوونە بەو سیستمەدا بکات، کە بەناوی باج و ڕسووماتەوە، بارگرانیی لەسەر هاوڵاتیان دروستکردووە.
لەکۆتایی بەیاننامەکەی لیژنەی بەڕێوەبردنی خێوەتگەی ناڕەزایی سلێمانی-دا، ڕاگەیەندرابوو: سبەینێ کاتژمێر ٠٩:٠٠ لە بەردەم دادگای سلێمانی، خۆپیشاندانێکی فراوان ئەنجامدەدەین.
ب.ل