ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، سبەینێ ڕۆژی هەڵوێستە، کاتژمێر ١٠:٠٠ خۆپیشاندانی فراوان دژی نەبوونی مووچە ئەنجام دەدەن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانیان ڕاگەیاند.
لە کۆنگرەکەدا هاوڕێ محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی وتی: سبەینێ کاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی لەبەردەم باخی گشتی خۆپیشاندانێکی بەرفراوان دژی نەبوونی مووچە ئەنجام دەدەین.
ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، کە ئەوان مۆڵەتیان بۆ خۆپیشاندان وەرنەگرتووە، هۆکاری سەرەکی نەکردنەوەی خوێندنگاکان بۆ نەبوونی مووچە گەڕاندەووە، داوایان لە سەرجەم توێژەکان کرد بەشداربن و ئەو پەرلەمانتارانەی کە دوێنی لە پەرلەماندا داوای مووچەی هاوڵاتیانیان دەکرد لەگەڵیاندا بێنە سەر شەقام.
د.ع