مامۆستایانی ١٧ خوێندنگەی هەڵەبجە بایکۆتی تاقیکردنەوەکانیان کرد

مامۆستایانی ١٧ خوێندنگەی شاری هەڵەبجە، بایکۆتی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵیان کرد، دوایانکرد پێش ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی موچەیەکەی دیکەیان پێبدرێت، هەروەها ڕایانگەیاند، کە بەهیچ شێوەیەک دەستکاریی کردن و کەمکردنەوەی موچە قبوڵ ناکەن.


ئێوارەی ئەمڕۆ لەباخی گشتی شاری هەڵەبجە، مامۆستایانی ۱۷ قوتابخانە، گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەبەیاننامەیەکدا، هەڵوێست و داواکارییەکانی خۆیان خستەڕوو.

ئەحمەد حسێن، بەیاننامەی مامۆستایانی ناڕازی خوێندەوە کە تیدا داواکرابوو، پێش دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەکان موچەیەکی دیکە بە مامۆستایان بدرێت، هەروەها داواکرابوو، کە هەموو ٣٠ ڕۆژ جارێک موچە دابەشبکرێت، ئاماژەش بەوەکرابوو لە لە ئەگەری دواکەوتنی موچەدا هەڵوێستی دیکە نیشان دەدەن.

مامۆستایانی هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردبوو، کە بەهیچ شێوەیەک دەستکاریی کردن و کەمکردنەوەی موچە قبوڵناکەن، و داواشیان کردبوو، کە بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستایان دەستپێبکاتەوە.

هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو، پاراستنی شکۆی مامۆستایان بەئەرکی حکومەت دەزانن، ئیدانەی هەرجۆرە دەستدرێژییەک بۆسەر مامۆستایان دەکەن، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی مامۆستایانی شاری دهۆکیشیان کردبوو.

لە کۆتایشدا ڕایانگەیاند، کە ئەگەر وەڵامی ئەم داواکارییانەیان نەدەنەوە، ئەوا لەداهاتوودا هەڵوێستی توندتر و فشاری مەدەنی زیاتر ئەنجامدەدەن.

د.ع