مامۆستایان نایانه‌وێت شه‌ش ڕۆژ ده‌وام بکه‌ن

مامۆستایانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ناڕازین له‌به‌رامبه‌ر بڕیاری شه‌ش ڕۆژ ده‌وام کردنی له‌ هه‌فته‌یه‌کدا و ده‌ڵێن، کە به‌هۆی که‌میی مووچه‌کانمانه‌وه‌ ناتوانیین پابه‌ندی ئه‌و بڕیاره‌ بین.


لە سەرەتای دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنەوە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا، كە دەبێت لە هەفتەیەكدا مامۆستایان شەش ڕۆژ دەوام بكەن، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تیی مامۆستایان لێکه‌وتەوه و مامۆستایانی هه‌ڵه‌بجه له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ لیدوانیان بۆ ڕۆژنیوز دا.

ئیقباڵ بەكر، مامۆستا لە خوێندنگای حەمدون لە هەڵەبجە، وتی: لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەرنامەیەك دابڕێژێت، كە گەرەنتی ژیانێكی خۆش گوزەران بۆ مامۆستایان بكات، لە كاتێكدا بەردەوام بەڵێنی زۆر جۆراو جۆر بە مامۆستایان دەدرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا مامۆستایانیش لەوە تێگەیشتوون كە بەڵێنەكانی حكومەت بەڵێنی جدیی نین و جێبەجێ‌ ناكرێن.

ئیقباڵ ئاماژەی بەوەشكرد، کە بۆ ئەمساڵی خوێندنیش كە بڕیاردراوە مامۆستایان شەش ڕۆژ دەوام بكەن، بیر لە ژیان و گوزەران و مووچەی مامۆستایان نەكراوەتەوە، چونكە بەشێكی زۆری مامۆستایان لە هەڵەبجەوە بۆ پێنجوێن و سەیدسادق و دەوروبەری هەڵەبجە هاتووچۆ دەكەن، هەروەها بەشێكی زۆریشییان بەشێوەی گرێبەست دامەزراون مووچەكەیان تەنها بەشی هاتووچۆیان دەكات، بۆیە مامۆستایان ناتوانن پابەندی ئەو بڕیارە ببن.

بەرهەم عومەر، مامۆستا لە ئامادەیی شارەزوور لە هەڵەبجە، وتی: لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێكە پرۆسەی خوێندن دەستیپێكردووە، بەڵام هێشتا بەشێكی مووچەی مامۆستایان بە پاشەكەوتكراویی ماوەتەوە، لەكاتێكدا لە ساڵی ڕابردوودا بەڵێنی ئەوە بە مامۆستایان درابوو، كە موچەی مامۆستایان باشتر بكرێت و پاشكەوت نەمێنێت، ئەمەش وایكردووە كە بێ‌ متمانەیی بەرامبەر بە بەڵێنەكانی حكومەت دروست ببێت.

به‌رهه‌م ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرامبەر هەر ئەركێكدا ماف هەیە، بەڵام دەبینین حكومەتی هەرێم لە بەرامبەر ئەركی مامۆستایاندا مافەكانیان بۆ دابین ناكرێت، بۆیە ئەمە وایكردووە كە بڕیاری شەش ڕۆژ دەوامكردن وەك خۆی جێبەجێ نەكرێت بە تایبەت ئەو مامۆستایانەی كە ڕۆژانە هاتووچۆ دەكەن، بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم بەڕاست لە خەمی كەرتی پەروەردە دایە دەبێت پاشەكەوتی مووچە بە یەكجاریی لابەرێت بۆ ئەوەی مامۆستایانیش دەوامی ئاسایی خۆیان بكەن.

ش.ف