چوؤرشەممە, 4 أبر 2018 – 11:56
ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد
گردبوونەوەی بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ بەردەوامە و کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دادگاییکردنی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی-یان ڕاگەیاند.
کەمێک پێش ئێستا، لەبەردەم کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی، بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ گردبوونەوە و کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوەیان ڕاگەیاند.
واژۆ کۆکردنەوەی ئەو مامۆستایانە لە دژی سیستمی پاشەکەوتی مووچەیە، کە مامۆستایان بە “ستەمی پاشەکەوتی مووچە” ناوی دەھێنن.
ئەو مامۆستا ناڕازیانە بڕیاریان داوە کە بە ھەزاران واژۆ کۆبکەنەوە لەلایەن مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانەوە و دواتر ئاڕاستەی دادگای سلێمانی بکەن، مامۆستایان دەشڵێن “ئەگەر یاسا سەروەر بێت ئەوا کۆکردنەوەی واژۆکانمان ئەنجامی دەبێت”.
ھەروەھا لەگەڵ کۆکردنەوەی ئەو واژۆیانەدا، چەندین بەڵگەیان وەک تابلۆ نمایش کردبوو، کە دەریدەخست کە پارەیەکی زۆر ھەیە لە کوردستان، بەڵام حکومەت بەسەر مووچەخۆرانی دابەش ناکەن.
ئەو مامۆستایانە کۆمەڵێک بەڵگە و یاداشتیان ئامادە کردووە و دەیانەوێت بیدەنە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ناوەڕۆکەکەی بریتیە لەوەی کە بڕێک پارەی زۆر لە ھەرێم ھەیە، بەڵام مووچەی مووچەخۆران نادرێت.
س.ح