مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی گەرمیان هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتی تاقیكردنه‌وه‌كان دەکەن

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی گه‌رمیان گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، ئه‌گه‌ر تا كاتی تاقیكردنه‌وه‌كان، موچه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌رنه‌گرن، ئه‌وه‌ بایكۆتی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ساڵ ده‌كه‌ن.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، به‌شێك له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی گه‌رمیان، له‌ناوكا‌مپی زانكۆ و له‌به‌رده‌م بینایی كوڵجی په‌روه‌رده‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا و لە كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر دواکەوتنی موچە ڕاگەیاند.

ئاراس عوسمان، له‌سه‌ر ناوی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی گه‌رمیان یاداشتێكی خوێنده‌وه‌ و تێدا هاتبوو: وه‌ك كۆمه‌ڵێك له‌ مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی گه‌رمیان، له‌ ڕوانگه‌ی به‌رپرسیارێتی  ئه‌خلاقی و ئاینی و پیشه‌ییمان، بیر و ده‌نگ و هه‌ڵویستی خۆمان یه‌كخستووه‌ و به‌شێكی گرنگی خه‌باتی مه‌ده‌نین، له‌پێناو پاراستن و پیرۆز ڕاگرتنی به‌ها و پره‌نسیبه‌كانی ژیانمان تێده‌كۆشین، ده‌مانه‌وێت ئیراده‌ و شكۆ و سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئه‌و ده‌زگایه‌ی، كه‌ كاری تێدا ده‌كه‌ین بگه‌ڕێنینه‌وه‌.

هه‌روه‌ها هاتبوو:‌ دژ به‌ هه‌موو جۆره‌ سیاسه‌تێكی نامرۆیی و ناڕه‌واین، كه‌ بیه‌وێت مافه‌كانمان زه‌وت بكات و كه‌رامه‌تمان بڕوشێنێت، وه‌ك كۆمه‌ڵێك مامۆستا و هاوپیشه‌ له‌م ڕێگه‌ سه‌خت و دژواره‌دا، ئاماده‌ی هه‌ر جۆره‌ قوربانیدانێكین و زه‌ڕه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری خواسته‌كانمان نابین .

له‌ كۆتاییدا هاتبوو: وەک دەنگێکی ڕەخنەگر و بوێر بەئاشکرا ڕایدەگەینین دژ بە سیاسەتی چەوت و نابەرپرسیارانەی حکومەت، دژ بە پرسی دواکەوتنی موچە، دەمانەوێ لەسەر بنەمای ماف و ئەرک و لە وادەی خویدا موچەی  شایستەی خۆمان وەربگرین، لەسەر ئەو بنەمایە تا  پێش تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، موچه‌یه‌كی تر وه‌رنه‌گرین، ئه‌وا پابه‌ند نابین به‌ ده‌وامه‌وه‌ و بایكۆتی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كه‌ین .

د.ع