مامۆستایان ڕەخنە لە ڕۆڵی میدیای کوردیی دەگرن

مامۆستایان ڕەخنە لە میدیاکان دەگرن و پێیان وایە، کە وەک پیویست کاریان نەکردووە، هەروەها لە تێکەڵکردنی کلتوری دەرەکی بە کلتوری کورد بە نەرێنی دەزانن، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت: میدیا کۆڵەکەیەکی گرنگە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی.


١٢١ ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی "کوردستان" وەک یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەرچوو، هەرئەوەش بووە هەوێنی لەدایکبوونی سەدان ڕۆژنامە و کەناڵی ڕاگەیاندن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ئێستاشدا بەهۆی پەخشکردنی زنجیرە فیلمی بیانی و تێکەڵبوونی حزب و میدیا، رەخنە لە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان دەگیرێت.

 

مامۆستا مستەفا عەبدوڵا، ڕەخنەی لە میدیاکان هەیە و پێی وایە، وەک پێویست نین و دەڵێت: میدیاکان و ڕۆژنامەوانانی ئێمە کە لە سەرەتاوە سەریانهڵداوە و هاتوونەتە کایەوە نەتەوەیی بوون، بەڵام بەراورد بە ئیستا و ئەم بارودۆخەی کە دەگوزەرێت ڕۆژنامەکان لە خزمەتی حزبەکانی کوردستاندان، زۆرینەی حزبەکانی کوردستانیش دەستی دەرەکییان لە پشتەوەیە، ئەگەر نا دەبوایە هەر لە ساڵانی زووەوە گرنگی بدرایە بە پەروەردە بۆ دروستکردنی تاکێکی پێگەیشتووی تێگەیشتووی کورد، کە جگە لە کوردایەتییەکەی خۆی بە قسەی هیچ کەسێک نەجووڵێتەوە.

مامۆستا مستەفا باسی لەوەکرد، کە، میدیا لە ئەمڕۆدا دوو لایەنەیە، کە لە لایەکەوە کلتوری نەتەوایەتیی پاراستووەو لە لایەکی دیکەشەوە پارچە پارچەی کردووە، هەروەها ڕەخنەی لە پەخشکردنی زنیجیرە فیلمە بیانییەکان گرت و وتی: ئەو زنجیرە فیلمانەی کە شەڕ و ململانێی و دەسەڵاتداری تێدایە بووەتە هۆی پەرتەوازە بوونی خێزانەکان و دەبێتە هۆی پێشخستنی دەستی دەرەکی، بوونەتە خزمەتکاری دەستی دەرەکی، کە بە داخەوە کەناڵێکمان نییە بەرنامەیەکی پەروەردەیی تێدا بێت.

هەروەها چۆلی ئەسعەد، مامۆستای زانکۆ لە بەشی ڕاگەیاندن، دەڵێت: میدیا یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی دروستکردنی کۆمەڵگا و هەروەها کۆڵەکەیەکی گرنگە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی، کە دەتوانن ڕۆڵی کارا ببینن لە خزمەتکردن بە بەرژەوندییە نەتەوەییەکان، ئەگەرچی ئێستا میدیای کوردی لە قۆناغێکدایە کە لە ئاستی پێویست و خواست و داواکارییەکاندا نەبووە، لە کاتێکدا ڕەنگە کۆمەڵگای ئێمە لە ئاستێکدا بێت کە پتر لە کۆمەڵگاکانی دیکە پێویستی بە میدیایەکی کاریگەر هەبێت.

چۆلی ڕەخنەی لە بەشێک لە میدیاکان گرت و، وتی: میدیای ئێمە بە ڕێژەیەکی کەمتر لە ئاستی خواست و داواکارییەکان بووە، چونکە  ئەوندەی لە حزبی بوون و کلتوری وڵاتانی دیکە نزیکە لە سەربەخۆ بوون نزیک نییە.

س.ح