مامۆستایەکى زانکۆ: پێویستە هەموومان پشتیوانى پەکەکە بین

د.کەیوان ئازاد، مامۆستاى زانکۆ، ئاماژە بە مەترسییەکانی دەوڵەتی تورک دەخات لەسەر قەندیل و بە پێویستی دەزانێت، کە ئەمە ببێتە خەمی گەورەی گەلی کورد و لەبەرامبەریدا یەک بگرێت، دەشڵێت:" ئەگەر پەکەکە پێشتر بیتوانیایە لە قەندیل نەمێنێت کارێکى باش دەبوو، بەڵام کە تا ئێستا هاتووە پێویستە هەموومان پشتیوانى پەکەکە بین".


د.کەیوان ئازاد، مامۆستاى بەشى مێژوو لە زانکۆى سلێمانى، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بە مێژووی دەوڵەتی تورک دەکات بۆ خۆسەپاندن و توانەوەی گەلی کورد و دەیبەستێتەوە بە قۆناغی ئێستای داگیرکارییەکانی لە کوردستان. 

"تورکیا مێژوویەکی تاکڕەوەیی و خۆسەپاندنی هەیە"

کەیوان ئازاد، باسی لە مێژووی ١٠٠ ساڵەی دەوڵەتی تورک تورک کرد و وتی:"مێژوویەکە لە تاکڕەویی لە تاک حزبیی لە خۆ سەپاندن و بە تورک کردن و تواندنەوەی کورد لە بۆتەی خۆیدا، دەیانەوێت تورکیا بکەنە هێزێکی گەورە لەنێو دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا و هەمووی بۆلای ئەو بگەڕێتەوە".

"تورکیا گەڕایەوە بۆ سەردەمی ئەتاتورک"

ناوبراو، ئاماژەی بە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی تورکیا دا، کە جارێکی دیکە ئەردۆغان بووەوە بە سەرۆک کۆمار و تورکیای کرد بە دەوڵەتێکی کۆماریی و وتی:"دەوڵەتى کۆماریى واتا گەڕانەوە بۆ سیستمی ئەتاتورک، هەموو ئەمانە زەمینە سازیبوون بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی ئەم پۆستەوە ئەوەی لە سوریا کردی لە قەندیل بیکات".

"پێویستە کورد پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت"

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، جەختى لە گرنگیى یەکڕیزیى کورد کردەوە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و وتی:"تورکیا سەرەڕای ئەوەی هەوڵى فراوانخوازیى دەدات، بەڵام  لەگەڵ ئەمریکادا لە کێشەدایە بەهای لیرەی تورکیی تەواو دابەزیوە، پێویستە کورد ناکۆکییەکانى تورکیا و ئەمریکا بە دەرفەت بزانێت بۆ ئەوەى پەکەکە لە لیستى تیرۆرى ئەمریکا دەربهێنێت".

"پەکەکە هێزێکی شۆڕشگێڕە"

 کەیوان ئازاد، پێیوایە، کە پەکەکە هێزێکى شۆڕشگێڕە و داواى مافەکانى گەلى کورد دەکات و لەو پێناوەدا خەبات دەکات، بۆیە نابێت لە لیستى تیرۆردا بێت، وتیشی:"دەرهێنانى پەکەکە لە لیستى تیرۆر دەرفەتى ئەوەدەدات، کە پەکەکە لە نێو هاوپەیمانییە نێودەڵەتییەکاندا جێگە بگرێت، ئەوکاتە دەتوانێت ڕووبەڕووى تورکیا بووەستێت لە پێگەى گرنگدا".

"تورکیا دەیەوێت بەرەى نوسرە و داعش لە قەندیل بەجێ بکات"

کەیوان ئازاد، تیشکى خستە سەر خواستى تورکیا لە داگیرکردنى قەندیل و وتى:"ئەوەندەى کە من شارەزاى مێژووى تورکیام، تورکیا دەیەوێت هێزى گرێدراوى خۆى دروست بکات، دەیەوێت شەڕ لەخۆى دوربخاتەوە، وەک چۆن لە ڕۆژئاواى کوردستان بەرەى نوسرەى هێنا بۆ عەفرین، شتێکى چاوەڕوانکراوە بەرەى نوسرە و داعش لە قەندیل بەجێ بکات، بەڵام  پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمەى کورد کە ئەم خەمە گەورەیەمان هەیە دەبێت ئاوا پەرتەوازەبین؟".

"تورکیا فشار دەخاتە سەر پارتی و هەرێمی کوردستان"

کەیوان ئازاد، لە بەردەوامییدا وتی:"پەکەکە لە قەندیل دانیشتووە و تورکیا ئەمەى قۆستۆتەوە بە بیانووى ئەوەى ئاسایشى پارێزراو نییە، بۆیە لەم ڕێگایەوە فشار دەخاتە سەر پارتى و هەرێمى کوردستان، پەکەکە لێرەدا هەڵەی کردووە، چونکە بیانووى داوەتە تورکیا بۆ مەرامە داگیراکارییەکانیى".

"پێویستە هەموومان پشتیوانى پەکەکە بین"

کەیوان ئازاد، مامۆستای زانکۆ، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی:"هەرێمى کوردستان هەرێمى بەهێز نییە تا بتوانێت ڕووبەڕووى تورکیا ببێتەوە، بۆیە پارتى یان یەکێتى یان گۆڕان ناچارە بکەوێتە ژێر فشارەکانى تورکیا، ئەگەر پەکەکە پێشتر بیتوانیایە لە قەندیل نەمێنێت کارێکى باش دەبوو، بەڵام کە تا ئێستا هاتووە پێویستە هەموومان پشتیوانى پەکەکە بین، چونکە شکستى پەکەکە شکستى کوردە، شکستى پارتى شکستى کوردە، چونکە ئێمە هەموومان کوردین".

ش.ف