دەرباز جەلیزادە ڕایگەیاند، هەر هێزێک و کەسێک بچێتە شەڕی براکوژی نەشەهیدە و نە پێشمەرگەن و جگە لە پەکەکە و گەریلا نەبێ، هیچ هێزێکی تری وەکو پارتی و یەکێتی، ناتوانن لە بەرامبەر تورکیا خۆی رابگرێت.
دەرباز جەلیزادە مامۆستای ئاینی لە شارۆچکەى کۆیە، بە رۆژنیوزى ڕاگەیاند، ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکەم بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان، جگە لە پەکەکە و گەریلا نەبێ، هیچ هێزێکی تری وەکو پارتی و یەکێتی، ناتوانن لە بەرامبەر تورکیا خۆی رابگرێت و لایەنێکی کوردستانی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، هاوکار و هەماهەنگی تورکیایە، دەشڵێت، تورکیا تەنها پەکەکەی کردۆتە بەهانە ئەگینا تورکیا وازناهێنێت لە داگیرکردنی خاکی کوردستان، چونکە لای تورکیا دەوڵەتی کوردستان و خاکی کوردستان لەسەر مانگیش قبوڵ ناکات.
روونیشیکردۆتەوە، بۆ تورکیا هیچ جیاوازی نیە، چ پەکەکە بێ یان مەدەنى یان پارتی و یەکێتی، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کورد بکوژێت، جگە لە مرۆڤ تورکیا دەیەوێت خاک و ئاو و ژینگەی کوردستان لەناوبەرێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوە پەکەکەیە ناوچەکانی قەندیل دەپارێزێت و کوردستانی لە تورکیا پاراستووە، پێویستە هیچ کەسێک چەک بەرامبەر براکەی هەڵنەگرێت و دەبێت واز لە ئەرکەکەی بهێنێت، چونکە خودا هیچ کەسێک لە برسا ناکوژێت.
ئەوەشى خستەڕوو، مامۆستایانی ئاینی بەشێکیان رۆڵی باشیان بینیوە لە ئاشتەوای و حەرامکردنی شەڕی براکوژی، بەڵام بەداخەوە چەند مەلایەکى سەر بە دەسەڵات بۆ خۆبردنە پێشەوە لە حیزب و وەرگرتنى دەستکەوتى تایبەت، ئاگری شەڕی براکوژی خۆش دەکەن، کە ئەمەش لە شوێنکەوتوانى ئاین بەدەرە.
باسی لەوەشکرد، ئەوەی لە ئێستادا بۆ کورد باشە یەکریزی و قبوڵکردنی جیاوازییەکانە، دەنا تورکیا گەر خۆشی نەیەت بۆ قەندیل داعش دروست دەکات و دەینێرێت، بۆیە ئێستا گەریلا پارێزەری خاکی هەرێمی کوردستانە لە دەست تورکیا .
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٢٣ی مانگی ٤ی ٢٠٢١وە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی بەرفروانی بۆ سەر زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و هاوکات پەدەکە هێزی بۆ هەرێمەکانی گەریلا جوڵاندووە و هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕ دژ بە پەکەکە دەدەن.
لە بەرامبەریشدا، پەکەکە بانگەوازیی لە حزب، ڕێکخراو، ڕۆشنبیر و گەل بە گشتیی دەکات، کە بەر بە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بگرن و ڕێگا لەو شەڕە بگرن و جەخت دەکاتەوە، پەکەکە هیچ بڕیارێکی بۆ شەڕ دژ بە هیچ هێزێکی کوردیی نییە.
ئ.م