٢٣ی ئەم مانگە کەجەکە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک پیلانی پاکتاوکردنی پەکەکەی پێشکەشی پەدەکە کردووە و پەدەکەش بووەتە هاوبەشی ئەو پیلانە، ڕاشیگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دوای هەفتانین داگیرکردنی تەواوی باشوری کوردستان و لکاندنی بەخۆیانەوەیە، کەجەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پەدەکە دەیەوێت سوپای عێراقیش بخاتە پیلانەکەوە، لەبەرامبەر ئەمانەدا داوای یەکێتی نەتەوەیی و پشتیوانی هەموو چینەکانی باشوری کوردستانی بۆ یەکڕیزی کورد کردووە.
کاردانەوەکان بۆ پاڵپشتیکردن لە ڕاگەیندراوەکەی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە زیاتربووە، لەم بارەیەوە ئارام قادر مامۆستا زانکۆی ڕاپەڕین- بەشی فەلسەفە دەڵێت، ئێمە بە تەواوی پشتیوانی ڕاگەیندراوەکەی کەجەکە دەکەین و هیوادارین هێزەکانی دیکەش بە تایبەت پەدەکە پشتیوانی لێ بکەن و لەو هەڵوێستەی ئێستای خۆیان پاشگەز ببنەوە.

مامۆستا ئارام قادر وەها بۆچوونی خۆی خستەڕوو: لە ڕاستیدا ئەو ڕاگەیەندراوەی کەجەکە گرنگە و خوێندنەوەیەکی ڕاستەقینەی بۆ نێو ماڵی کورد و دۆخی پارتە سیاسییەکان و هەڵوێستی شیاو و نەشیاوی بۆ پارتە سیاسییەکان کردووە و لە سەریان وەستاوە، هەندێک ئەگەر و گریمانەی ترسناکی خستووەتەڕوو، کە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی تەواوی هاوڵاتیانی کورد بە تایبەت لە باشوری کوردستان دەبێتەوە، هەر چەندە ڕاگەیندراوەکە کەمێک درەنگ کەوتووە و دەبوایە زووتر وەک هەڵوێستێکی فەرمی سیاسی ئەو بیروبۆچوونە بڵاوبکرایەتەوە.
وتیشی: گەلی کورد بە درێژایی مێژوو لە دوو ئاراستەدا تووشی لێدان و ململانێ و جینوساید و داڕوخانێکی گەورەی نیشتمانی و نەتەوەیی بووەتەوە، ئەو دوو ئاستەش بریتین لە ئاستی دەرەکی و ئاستی ناوخۆیی، ئاستی دەرەکی من ناوم ناوە فاشیزم چونکە هەموو هێزە دەرەکییەکان هێزی فاشیزم بوونە دژ بە کورد و جیاوازیان قبوڵ نییە لە سەر ئەساسی لەناوبردنی نەتەوەیی کورد، دەیانەوێت نەتەوەی خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن و بوونی دەوڵەتی خۆیان لە سەر سڕینەوەی گەلی کورد هەڵچنیوە، ئاستی دووەم کە ئاستی ناوخۆییە کە گرنگتر و مەترسیدارترە لە ئاستە دەرەکییکە کە بریتییە لە جاشیزم، کە بووەتە تەواوکەری فاشیزم، ئەو هێزە فاشیزمە لە دەرەوە هاتووە هێزێکی کوردی جاشیزمی دروست کردووە، کە کاریان لێدانە لە سڕینەوەی گەلی کورد و بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی کورد و دابەشکردنی نیشتمانی کورد.
ئەم مامۆستایەی فەلسەفە لە زانکۆی ڕاپەڕین، وردتر لە پەیامەکەی کەجەکە دەڕوانێت و دەڵێت: ئەو ڕاگەیەندراوە لە جاشیزمەکە وریامان دەکاتەوە، هەموو ئەو هێزانە لە سەروویانەوە پەدەکە و تورکیا هەر خواستێکیان هەبێ بۆ تەسلیم کردنی باشوری کوردستان بە هەمو شتێکەوە، تەنیا نەوت نییە، نەوت دەمێکە تەسلیم کراوە، ئابوری و سیاسەت دەمێکە تەسلیم کراوە، بەڵام تا ئێستاش هەندێک دەنگ و کەسایەتی و بوونی کۆمەڵایەتی و کلتوری ئێمە ماون کە بە یەکجاری تەسلیم بکرێن، لە ڕاستیدا دوای لەشکرکێشی بۆ زینی ئەستێرۆکان (زینی وەرتێ) و تەواوی سنوورەکانی بادینان و بڕادۆست کە لەلایەن هێزێکی کوردییەوە ڕێنیشادەریان بۆ دەوڵەتی تورکیا کردووە، تەنانەت شەڕیشیان بۆ کردوون جا لە ژێر هەر بەرگ و ناوێکی جیاوازدا بێت پیلانەکان ئاشکرا بوون، وەک لە ڕاگەیندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە ئامانجی تورکیا تەنیا لەشکرکێشی و دژایەتی پەکەکە نییە، بەڵکو ئامانج داگیرکردنی باشوری کوردستانە و بۆ نەهێشتنی ئەو ئەزموون و قەوارەیە کە بووەتە پاڵپشتێک بۆ پارچەکانی دیکە و بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە وڵاتانی دیکە.
ئارام قادر لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە “دەوڵەتی عێراق بە هاوکاری جاشیزمی ناوخۆیی و فاشیزمی دەرەکی بە هێزکی شۆڕشگێری کوردی دەڵێن ئەم سەر ئێشەیە با بۆ دەوڵەتانی دیکە نەمێنی، بێ ئاگا لەوەی کە ئەوان ناویان ناوە سەرئێشە بریتییە لە هێزێکی خەباتگێڕ، مرۆڤایەتی بوون، خاوەن فکر و پرەنسیپ و ئەخلاق و خاوەنی ئەو هێزەیە کە نەک تەنیا پارتێک ئیدارە بدات، بەڵکو دەتوانێت سیستەمێکی حکومڕانی وەکو ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر دستووری کوردانە و و تێگەیشتنی خۆمانە بونیادی بنێت لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، ئێمە بە تەواوی پشتیوانی ڕاگەیەندراوەکەی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە دەکەین و هیوادارین هێزەکانی دیکەش بە تایبەت پەدەکە پشتیوانی لێبکەن و لەو هەڵوێستەی ئێستای خۆیان پاشگەز ببنەوە، بۆ ئەوەی هیچ هێزێکی کوردی دژی یەک پاڵپشتی لە فاشیزم نەکات، هەر هێزێک پشتوانی لە فاشیزم و داگیرکاری بکات بێگومان لای ئێمە دەبێتە هێزێکی جاش و ناوی دەنێین جاشیزم“.
س.ح