یەكشەممە, 8 أبر 2018 – 10:52
ڕۆژنیوز- هاوکار مستەفا
مامۆستایەکی زانکۆ، ڕەخنە لە حزبەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەگرێت و دەڵێت: پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای بەرژوەندیی کەسییە، ئەمەش ریگای خۆشکردووە بۆ داگیرکاریی زیاتری ئەو دەوڵەتە.
داگیرکردن و بۆردوومان و تۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامیی هەیە و بەو هۆیشەوە دەیان خێزانی دەڤەری برادۆست ماڵی خۆیان بە جێهێشتووە و ئاوارەبوون.
سەبارەت بەو بابەتە، ئیسماعیل حاجی زەڵمی، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: پەیوەندییەکانی نێوان حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورک، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تایبەت و کەسیین، بۆیە لەپێناو پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانە، حزبەکان ڕێگاخۆشکەرن بۆ داگیرکاریی زیاتری سوپای تورک.
ئیسماعیل حاجی زەڵمیی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە هیچ گەرەنتییەک نەماوە بۆ درێژەدان بەو ئاشتیی و ئارامییەی، کە تا ڕادەیەک لە کوردستاندا بەرقەرارە و وتی:”حزبێک بەدەستی خۆی پەلکێشی هێزێکی داگیرکەر بکات بۆ کوشتنی هاوڵاتییەکانی خۆی چاوەڕێی هەموو شتێکی خراپیشی لێدەکرێت”.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ بەردەوامبوو لەسەر ڕەخنەکردن لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و وتی: هاوشێوەی ئەم سیاسەتە لە هیچ شوێنێکی دیکە نمونەی نییە و نەبووە، کە بە دەستی خۆمان بەشێک لە جەستەی خۆمان بریندار بکەین، بۆیە هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێن کە بەرژەوەندییخوازان خۆیان بە خاوەنی ئەم هەرێمە دەزانن و حوکمداریی دەکەن زۆر ئاساییە بە لایانەوە، کە ئەگەر هەموو خاکی کوردستانیش ڕادەستی داگیرکەران بکەن.
ڕەخنەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ لەکاتێکدایە، کە دەوڵەتی تورک سوپای خۆی هێناوەتە ناو گوندەکانی دەڤەری سۆران و بادینان، هەتا ئێستاش حکومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکی لەوبارەیەوە نیشان نەداوە و سوپای بارزانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-یش هاوکاریی ئەو سوپای تورک دەکات لە دەڤەری سۆران.
ش.ف