مامۆستایەک: دەبێت نرخی نووسینەکانی ئۆجالان بزانین

مامۆستایەک لە باشوری کوردستان، تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بە ڕێگا چارەی هەموو کێشە و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت و دەڵێت: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێڵی سێیەم باشترین چارەسەرە، دەشڵێت: دەبێت نرخی نووسینەکانی ئۆجالان بزانین.


ویژدان نوورەدین مامۆستای پەیمانگا، دەربارەی تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.

ویژدان نوورەدین لەبارەی تێزەکانی ئۆجالانەوە دەڵێت: یەکێک لەو کێشە گەورانەی کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی گەلان پێوەی دەناڵێنن ئەو هەوڵە داگیرکارییانەیە، کە تورکیا بەرامبەر نەتەوەکان ئەنجامی دەدات.

ئەو مامۆستایە، دەربارەی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دەڵێت: لەگەڵ هەموو کێشەکاندا باس لە هێڵی سێیەم دەکرێت کە پایەی چارەسەرییەکانە، تێزەکانی ئۆجالان بە تەنیا بۆ باکوری کوردستان نییە، بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەگەر تورکیا بێتە سەر مێزی گفتوگۆکردن ئەوا چارەسەریی دێتە ئاراوە.

ویژدان، باس لە پێشبینییەکانی ئۆجالان دەکات بۆ دنیای سەرمایەداریی و دەڵێت: بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە زۆرێک لە نووسینەکانی ئاماژەی بەوە کردووە کە پایەی سەرمایەداریی ڕۆژێک دێت لە ناو دەچێت و لە بڕوای سەرمایەداراندا نەبوو کە ئەو هێزە سەرمایەدارییە هەرەس بهێنێت، باسی ئەوەی کردووە ئەم پایە مرۆڤ دەهاڕێت و ئێستاش دەبینرێت کە پێشبینییەکانی بەدیهاتووە.

لە کۆتاییشدا ئەو مامۆستایە وتی: تێزەکانی ئۆجالان ڕۆژێک خەیاڵ بوو ئێستا لە واقعیەتدایە و نمونەشی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرجەستەیە، تاکە چارەسەریش ئەوەیە خۆبەرێوبەری بچەسپێنرێت و ئەرکی سەرشانی هەمووانە هەوڵ بدەین بۆی، ئێمەی ژن دەبێت نرخی نووسینەکانی ئۆجالان بزانین، ئەمە بۆ هەموو کۆمەڵگا و ژنە.

د.ع