مانگرتنەکەی هەولێر دوای ٨٣ ڕۆژ بەردەوامە

مانگرتن دژی گۆشەگیرییەكانی سەر ئۆجالان لە شاری هەولێر، بە بەشداربوونی گروپێكی نوێ و لە ڕۆژی ٨٣-ەمدا بەردەوامیی هەیە، مانگران ڕایدەگەیەنن: تا گۆشەگیریی بەردەوامبێت چالاكی ئەوانیش بەردەوامیی دەبێت.


٨٣ ڕۆژە ئەندامانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان لە شاری هەولێر، دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەكەكە و پشتیوانی لە مانگرتنی لەیلا گۆڤەن هاوسەرۆكی كەجەدە، بەردەوامن لەمانگرتنی خولی، ئەمڕۆش ٤٢-مین گروپ بەشداریی مانگرتنەکە بوون.

مانگران ڕایدەگەیەنن، ئەوان بە ئیرادەوە درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن، وە تا گۆشەگیریی کۆتایی نەیەت، ئەوان بەردەوام دەبن لە مانگرتن.

دەربارەی ڕەوشی مانگرتووان و بەتایبەت، ناسر یاگز ئەندامی نوێنەرایەتییەکە، کە ٨٣ ڕۆژە بەردەوامە لە مانگرتنی بێسنوور، موزەیەن گونەش، هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: تا دێت ڕەوشی تەندروستی ناسر یاگز خراپتر دەبێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت و پشتیوانی ناسر یاگز بکەن، هاوکات دژی گۆشەگیریی بووەستەنەوە.

س.ح