مانگرتن لە خواردنی دەیان هەزار زیندانی لە ڕۆژی سێیەمدایە

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی پەکەکە و پاژک کە بەمەبەستی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، و زیندانیانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان دەستیپێکردبوو، لە سێیەمین رۆژیدایە.


دەنیز کایا، ڕۆژی ١١ی ئەیلول بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بانگەوازیی زیندانیانی پەکەکە و پاژکی کرد، کە لە ڕۆژی ١٢ی ئەیلولەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مان بگرن لە خواردن، مانگرتنەکە بە بەشداربوونی دەیان هەزار زیندانی سێ ڕۆژە دەستیپێکردووە.

مانگرتنەکە بەمەبەستی لابردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و هەروەها ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ لە کۆتا ڕۆژیدایە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەنیز کایادا هاتبوو: ئێمە وەک زیندانییەکانی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان هەرگیز لە بەرامبەر ئەشکەنجەکانی هاوپەیمانیی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە سەرمان دانەنەواندووە، فاشیزم وەکچۆن لە چوارچێوەی مانگرتنی ١٤ی تەموزدا تێکشکا، دیسانەوە تێکدەشکێت.

ئاماژە بەوەش درابوو، کە مانگرتنەکە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای تورکیا و سەرنجڕاکێشیانیان بۆ ساڵیادی کودەتای ١٢ی ئەیلول لەو ڕۆژەدا دەستیپێکردووە.

س.ح