مانگرتن لە مەخمور بەردەوامە

چالاکی مانگرتن لەخواردنی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، دژی گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە ١٢١ـەمین ڕۆژیدا بە بەشداری گروپێکی نوێ بەردەوامی پێدەدرێت، مانگرتنی بێسنوری فادیلە تۆک-یش لە ٨٦ـەمین ڕۆژیدا بە پێداگرییەوە بەردەوامە.


دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەی خولیی دەستیان بە مانگرتن لەخواردن کرد، ئەمڕۆش گروپی ٤٠ـەم بەشداری مانگرتنەکە بوون و لە ١٢١ـەمین ڕۆژدا بەردەوامی بە چالاکییەکە دەدەن.

هاوکات فادیلە تۆک، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عەشتار لە مەخمور، بە هەمان ئامانج ماوەی ٨٦ ڕۆژە بە شێوەی بێسنوور مانی لە خواردن گرتووە و بە پێداگرییەوە بەردەوامی بە چالاکییەکەی دەدات.

عەلی کارا لە مەراسیمی گروپگوڕینەکەدا قسەی کرد و، وتی: ئەو گۆشەگیرییە لەسەر ڕێبەرمان دژی مرۆڤایەتییە و ئێمە قبوڵی ناکەین، بۆ لابردنی گۆشەگیریش پێویستە گەلی کورد بێدەنگ نەبێت و لە هەر شوێنێک هەن چالاکیی بەڕێوەببەن.

س.ح