مانگرتوان بە ورەی بەرزەوە پێدەنێنە ڕۆژێکی نوێوە

چالاکییەکانی مانگرتن لەخواردن بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، بە پێداگریی و بە ورەی بەرزەوە بەردەوامە.


مانگرتنەکان، کە بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە و هاوسەرۆکی کەجەدە ١٨٩ ڕۆژە بە ئامانجی هەڵگرتنی  گۆشەگیریی سەر عەبدوڵآ ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەک دەستیپێکردووە، بە هەرسێ جۆری(خولیی- بێسنوور، تامردن) لە ناوەوەی کوردستان، تورکیا، ئەوروپا و کەنەدا بەردەوامە.

زیاتر لە حەوت هەزار زیندانیی پەکەکە و پاژک لەناو زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا ١٥١ ڕۆژە لە مانگرتنی بێسنوور-دان، ئەمە جگە لە ١٥ زیندانیی، کە دوای ١٣٥ ڕۆژ لە مانگرتنی بێسنوور، ئەمڕۆ لە ١٦ـمین ڕۆژی مانگرتنی تا مردن-دان و ١٥ زیندانیی دیکەش لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتندان.

هەروەها، لە وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا، ١٥٠ ڕۆژە مانگرتنی خولیی و بێسنوور بەردەوامە.

لە باشوری کوردستان-یش، ١٧٦ ڕۆژە لە ناوەندی هەدەپە لە شاری هەولێر، ١٥٣ ڕۆژە لە ناوەندی ڕیکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی، ١٥١ ڕۆژە لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور و لە گەرمیان-یش ٨١ ڕۆژە مانگرتن لە خواردن دەستیپێکردووە و بەردەوامە.

لەناو مانگرتواندا، ناسر یاگز لە نوێنەرایەتیی هەدەپە ١٧٦ ڕۆژ و فادیلە تۆک لە مەخمور ١١٦ و هەرێم مەحمود-یش لە گەرمیان ٨١ ڕۆژە بێسنوور مانیان لە خواردن گرتووە، مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر-یش لە ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا دوو ڕۆژە لە مانگرتنی تا مردن-دایە.

هەر ڕۆژێک تێدەپەڕێت، مانگرتوان جستەیان لاوازتر دەبێت، بەڵام ورەیان بەرزتر و زیاتر جەخت لەسەر بەردەوامیی بە تێکۆشان لەپێناو بە ئامانج گەیشتن دەکەنەوە.

ش.ف