مانگرتووانی هەولێر ١٧٦ ڕۆژە بەردەوامن لە چالاکیی

مانگرتن لە نوێنەرایەتی باشوری کوردستان-ی هەدەپە، لە شاری هەولێر ١٧٦ ڕۆژە بەشێوازیی خولیی بەردەوامیی هەیە، هاوکات مانگرتنی بێسنووری ناسر یاگز ١٧٦ ڕۆژە درێژەی هەیە و بەردەوامیی پێدەدات.


مانگرتنەکان لە کوردستان و دەرەوە لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بەردەوامە، لەوچوارچێوەیەدا مانگرتن لە نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر درێژەی هەیە، ئەمڕۆش گروپی ٨٩ دەستیان بە مانگرتن كرد.

كەریم چیفتچی، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان لە سەرناوی گروپی نوێ قسەیکردو وتی: هەموومان دەزانین بەرێز ئۆجالان لە ئێستادا لەگۆشەگیرییەکی تونددایە، هەروەها زوڵم و زۆرداری لە تەواوی جیهان لەسەر گەلی كورد بەردەوامیی هەیە، بۆیە پێویستە گەلی كورد بەشداری لە تەواویی چالاكییەکاندا بكات.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێستادا تەندروستی بەشێکی زۆری مانگرتووان لە زیندانەكانی باكوری كوردستان كەوتووەتە مەترسییەوە، بۆیە لێرەوە بانگ لە هەموو گەنجان، دایكان و تەواوی گەلی كورد و هەموو كەسێكی دیموكرات دەکەین، پشتیوانی چالاكییەكانی مانگرتن بكەن.

ئەوە لە کاتێکدایە، مانگرتنی بێسنوور لەلایەن ناسر یاگز ئەندامی نوێنەرایەتییەکە ماوەی ١٧٦ ڕۆژە بەردەوامیی هەیە، وێڕای خراپی باری تەندروستیی، پێداگرە لە درێژەدان بە چالاکییەکەی تا پێکهێنانی ئامانجەکەیان، کە لابردنی گۆشەگیرییە.

س.ح