بەهۆی لەكاركەوتنی بەشێك لە تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاوی پارێزگای هەڵەبجەوە، ماوەی مانگێكە، هەزار ماڵی شارۆچكەی سەیدسادق بێ ئاوبوون، بەناچاریی پەنایان بۆ كڕینی ئاو بردووە، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی شارۆچکەكەش دەڵێت: ئەگەر یەك ڕۆژ ئاو بدرێت بەسەیدسادق، دەبێت شەش ڕۆژ نەدرێت بەهەڵەبجە، لەهەوڵی چارەسەركردنیداین.
گەڕەكی بەختیاریی لە شارۆچكەی سەیدسادق، كە ژمارەی دانیشتوانەكەی هەزار ماڵە، ماوەی زیاتر لەمانگێكە تووشی كێشەی بێ ئاویی بوون، لەكاتێكدا ئەو شارۆچكەیە گەورەترین سەرچاوەی ئاوی هەیە، كە سەراوی سوبحان ئاغایە.
هەرمێ مەحمود، هاوڵاتییەكی دانیشتوی گەڕەكی بەختیارییە بە ڕۆژنیوزی وت: ڕووبەڕووی بێ ئاوییەكی زۆر بوینەتەوە، نە ڕۆژێكە و نە دوڕۆژ، جاریی واهەیە لەهەفتەیەكدا نیو كاتژمێر ئاومان بۆ هەڵدەكەنەوە، بەناچاریی لە ماڵە دراوسێكانمانەوە ئاوی بیر دەهێنین، داواكارین لە بەرپرسانی سەیدسادق ئەو كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن، زۆر بێ ئاوییمان چەشتووە.

باسی لەوەشكرد، تائێستا كەس نەهاتووە بەدەمیانەوە بۆ چارەسەركردنی بێ ئاویی گەڕەكەكەیان، زۆرجاریش بەناچاریی ئاودەكڕن.
وەك ئاكۆ مەحمود دەڵێت: جاری وا هەیە بەهەفتەیەك ئاومان بۆ هەڵناكەنەوە، خۆمان تانكەری ئاو بە ٢٠ هەزار دینار دەكڕین، بەهۆی بێ ئاویشەوە لەبەیانیەوە دەموچاوم نەشۆردووە و باردۆخمان زۆرخراپە.

ژنان بەهۆی پێویستی ڕۆژانەیان بە ئاو بۆ كاروباری ماڵەوە زیاتر هەست بە گرفتی كەم ئاوی گەڕەكەكەیان دەكەن و هاوژین عەلی، ژنێكی دیكەی گەڕەكی بەختیارییە و باس لەوەدەكان، زۆر زۆر بێ ئاون.

لەسەر كێشەی گەڕەكی بەختیاریی، ڕەفیق ئەحمەد، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی سەیدسادق بە ڕۆژنیوزی وت: ماوەی زیاتر لەمانگێكە ئەو بەشە ئاوەی لەهەڵەبجەوە بۆمان دەهات لێیانگرتووینەتەوە، دەڵێن پەمپەكان سیانە دەكەینەوە بەشێكیان لەكاركەوتون.
دەشڵێت: هیچ كێشەیەك لە ئێمە نییە لە بەردانەوە و دابەشكردنی ئاو نەوەستاوین، بەهۆی فراوانیی گەڕەكەكانەوە ئەو ئاوە كەمەی بەریدەدەینەوە هەر ئەوەندە بڕدەكات، بەهۆی بچوكی حەوزەكەمانەوە، ناشتوانین هەموو ڕۆژێك ئاویان بۆ هەڵكەینەوە، بیرەكانیش كارەبای نیشتیمانی بۆ دابینكراوە، بەوهۆیەوە ناتوانین هەموو كات بیرەكانمان ئیش پێبكەین.
ئەوەشی وت: دەرخستەمان بۆ بیرەكانمانكردووە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای شارەزوورەوە بۆ ئەوەی كارەبای بەردەوای بۆ بیرەكان دابین بكرێت، تەنها ڕەزامەندیی بۆ پرۆژەی حەسار دەربڕیوە چوار بیری تێدایە، ئەویش پێویست بە ١٠٧ ملیۆن دینارە بۆ ئەوەی كارەبای بەردەوامی بۆ دابینبكرێت تائێستاش پارەكەمان بۆ خەرجنەكراوە.
سەبارەت بەچارەسەركردنی كێشەكەشیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەڵەبجە وتی: قسەمان ئاوی هەڵەبجە كردووە پێیان وتوین، پرۆژەكە سێ پەمپە، دوانیان وەستاوە یەكێكیان كاردەكات، ئەو یەك پەمپەش تەنها بەشی هەڵەبجە دەكات، ئەگەر یەك ڕۆژ ئاو بدرێت بە سەیدسادق، دەبێت شەش ڕۆژ نەدرێت بەهەڵەبجە، لەهەوڵی چارەسەركردنیداین.
س.س