ماوەی زیاتر لە مانگێکە سێ گەنجی ئێزدی “بەبێ هیچ هۆکارێک” لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیرکراون و ئازاد نەکراون، هاوڵاتیانی ئێزدی داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن، بەزووترین کات ئەو گەنجانە ئازاد بکات.
ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، یەکێتی گەنجانی ئێزدی و یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی بە کتێبخانەیەکی گەڕۆک کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان لە گوند و شارۆچکەکانی شەنگال بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرد و لە ڕۆژی سێیەمدا گەنجان لە شارۆچکەی سنونێ لەلایەن پۆلیسی عێراقەوە ڕێگریان لێکرا.
پۆلیس “بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی” ڕێگری لە گەنجان کرد و سێ گەنجیان بە ناوەکانی سەلیم داود سلێمان (١٧ ساڵ) و عەلی خەیری ئەلیاس (٢١) و شۆفێرەکەیان خوەداد حاجی خەدەر دەستگیرکرد، هەرچەندە بەرپرسانی پۆلیس بانگەشەی ئەوەیان کرد، لە ماوەیەکی کورتدا ئەو گەنجانە ئازاد دەکەن، بەڵام هێشتا ئازاد نەکراون.
هاوڵاتیانی شەنگال دەستگیرکردنی گەنجان بە نایاسایی پێناسە دەکەن و داوا دەکەن، هێزە عێراقییەکان گەنجانیان ئازادبکەن، عەلی میشکۆ، هاوڵاتییەکی شەنگالە و بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: هەموو چالاکییەک کە لە شەنگال دەکرێت مافی خەڵکی شەنگالە و پێویستە عێراق ڕێز لە مافەکانیان بگرێت.

وتیشی: ئێمە فەرمانەکانمان تێپەڕاندووە و هەزاران خەڵک و گەنجمان کوژراون، بەڵام هیچ کەسێک دەنگی لێوە نەهات، گەنجانمان هیچ کارێکی نایاساییان نەکردووە، بەڵکو دەیانەوێت خزمەتی کۆمەڵگاکەیان بکەن، بەڵام لەلایەن عێراقەوە دەستگیرکراون، ئێمە ئەم دەستگیرکردنە بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین و داوا لە عێراق دەکەین، بەزووترین کات گەنجەکانمان ئازاد بکەن.

هاوکات موسا حاجی، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شەنگال ڕایگەیاند، گەنجەکانیان بەتۆمەتی دابەشکردنی کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەستگیرکراون و وتیشی: ئەمە قەدەغە نییە تا گەنجەکانمان دەستگیر بکرێن، دەبینین کە حکومەتی ئێستا تەنیا بۆسە دادەنێت و یاسا لەسەر ئێمە دەسەپێنێت، لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا بە هەزاران کەس کوژراون و برینداربوون، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێکمان نەبینیوە لێپرسینەوەی لێ بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی گەنجەکانمان کتێبەکانی رێبەر ئاپۆیان بڵاوکردووەتەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکەن.
ب.ل